ئوردون ئاماده‌یه‌ ئافره‌ته‌ خۆكوژه‌ عیراقییه‌كه‌ ئازاد بكات

ئوردون ئاماده‌یه‌ ئافره‌ته‌ خۆكوژه‌ عیراقییه‌كه‌ ئازاد بكات
حكومه‌تی‌ ئوردون ئاماده‌یی ده‌ربڕی‌ له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنی‌ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ ناسراو به‌ داعش ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌، ئافره‌ته‌ خۆكوژه‌ عیراقییه‌كه‌ ئازاد بكات.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، ته‌له‌فزیۆنی‌ ره‌سمی‌ ئوردون بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ حكومه‌تی‌ ئوردون ئاماده‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنی‌ مه‌عاز ئه‌لكه‌ساسبه‌ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی‌ كه‌ لای‌ داعش ده‌ستبه‌سه‌ره‌، ساجیده‌ ریشاوی‌ ئافره‌ته‌ خۆكوژه‌ عیراقییه‌كه‌ ئازاد بكات.

محه‌مه‌د ئه‌لمومنی‌ وته‌بێژی‌ ره‌سمی‌ حكومه‌ت و وه‌زیری‌ ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری‌ راگه‌یاندنی‌ ئوردون وتی‌: "ئوردون ئاماده‌یه‌ ساجیده‌ رێشاوی‌ ئازاد بكات، گه‌ر مه‌عاز ئه‌لكه‌ساسبه‌ ئازاد بكرێت".

ساجیده‌ موباره‌ك عه‌تروس ئه‌لریشاوی‌ ته‌مه‌ن 44 ساڵ‌، ئافره‌تێكی‌ خۆكوژی‌ عیراقییه‌ و له‌ 9ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2005 به‌شداری‌ سێ‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ له‌ هۆتێله‌كانی‌ عه‌مانی‌ پایته‌ختی‌ ئوردون كردووه‌، به‌ڵام پشتێنه‌ بۆمبڕێژكراوه‌كه‌ی‌ نه‌ته‌قییه‌وه‌ و به‌وشێوه‌یه‌ش رزگاری‌ بوو، دواتر په‌نای‌ برده‌به‌ر ناسراوه‌كانی‌ له‌ شاری‌ "ئه‌لسه‌لت"ی‌ خۆرئاوای‌ عه‌مانی‌ پایته‌خت و دوای‌ چه‌ند رۆژێك له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ ئوردونه‌وه‌ ده‌ستگیر كرا.

له‌ 2006دا دادگای‌ ئاسایشی‌ ده‌وڵه‌ت تۆمه‌تی‌ پیلاندانان بۆ ئه‌نجامدانی‌ كرده‌وه‌ی‌ تیرۆریستی‌ و هه‌ڵگرتنی‌ ماده‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌ به‌بێ‌ مۆڵه‌ت به‌مه‌به‌ستی‌ به‌كارهێنانی‌ به‌شێوه‌ی‌ نایاسایی ئاراسته‌كرد و دادگا سزای‌ له‌سێداره‌دانی‌ به‌سه‌ردا سه‌پاند.

رێشاوی‌ كه‌ ماوه‌ی‌ 10 ساڵه‌ له‌ زینداندایه‌، بێوه‌ژنی‌ حسێن عه‌لی‌ ئه‌لشممه‌ری‌-یه‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ خۆكوژی له‌ ئاهه‌نگێكی‌ هاوسه‌رگیری‌ له‌ هۆتێل "رادیسۆن ساس"ی‌ عه‌مان ئه‌نجامدا و به‌هۆیه‌وه‌ 38 كه‌س كوژران.

كاتێكیش ده‌ستگیركرا، ریشاوی‌ كه‌ باڵاپۆشێكی‌ ره‌نگ سپی‌ له‌به‌ردابوو، چۆنێتی‌ شاردنه‌وه‌ی‌ ماده‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ له‌ ده‌وری‌ سكی‌ له‌ژێر پاڵتۆ ره‌شه‌ درێژه‌كه‌یه‌وه‌، گێڕایه‌وه‌.








خه‌ندان
Top