ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئۆباما و شا سەلمان

 ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئۆباما و شا سەلمان
باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دوای سەردانە سێ رۆژییەكەی بۆ هیندستان، رۆژی ٢٧ی كانوونی دووەم گەیشتە ریازی پایتەختی سعودیە و جگە لە نیشاندانی هاوخەمی بۆ كۆچی دوایی شا عەبدوڵا، دەستیكرد بە كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا.

ئۆباما كە لەگەڵ شاندێكی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی كۆشكی سپی چووە ریاز، ئێوارەی ٢٧ لەسەر ٢٨ی كانوونی دووەم، لەگەڵ شا سەلمان پادشای نوێی سعودیە كۆبووەوە و گفتوگۆیان سەبارەت بە پرسی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد.

بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ لە سعودیەوە، بابەتە سەرەكییەكانی ئەو كۆبوونەوەیە پێكهاتبوون لە قسەكردن لەسەر دابەشبوونی تایفی لە عێراق و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت، هەروەها تاوتوێی ستراتیژی هاوپەیانێتی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا دژ بە داعش كراوە.
جگە لە كێشەكانی عێراق، قەیرانی نێوخۆیی سووریا و گەشەسەندنی ئاڵۆزییەكانی یەمەن لەو بابەتانە بوون، كە ئۆباما لەگەڵ شا سەلماندا بەچڕی گفتوگۆی لەسەر كردوون.

سعودیە كێشەكانی هەرسێ وڵاتی عێراق، سووریا و یەمەن بە گرنگ دەزانێت و هەمیشە هەوڵی دانانی كاریگەری سیاسەتی خۆی لەسەر ئەو سێ وڵاتە دەدات، بە تایبەت كە ئەو سێ وڵاتە كێشەی نێوان شیعە و سوننەی تێدایە و سعودیەش بە باڵادەستیی شیعەكان دڵخۆش نییە.

شاندی هاوەڵی سەردانەكەی ئۆباما جگە لە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی كۆشكی سپی، جۆن مەككین سیناتۆری كۆمارییەكانیشی لەخۆی گرتبوو، كە بەردەام رەخنە لە سیاسەتەكانی ئۆباما دەگرێت بەتایبەت لە مامەڵەكردنی لەگەڵ كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.







رووداو
Top