بەریتانیا سزای ئەو توندڕەوانە دەدات کە لە عێراق و سووریاوە گەڕاونەتەوە

 بەریتانیا سزای ئەو توندڕەوانە دەدات کە لە عێراق و سووریاوە گەڕاونەتەوە
ئیندیپێندێنت ڕاپۆرتێکی لەسەر جیهادییە بەریتانیاییەکان بڵاو کردووەتەوە؛ دەڵێ ئەوانەی چوونەتە پاڵ گروپە توندڕەوەکان لە عێراق و سووریا و، پاشان گەڕاونەتەوە بەریتانیا، سزا دەدرێن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زیاتر لە 600 کەسی توندڕەو چوونەتە عێراق و سوریا و زۆربەیان پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە، نیوەی ئەوانە ئێستاکێ گەڕاونەتەوە و لە بەریتانیادانە. داواکاری گشتییش ڕایگەیاندووە کە تاکو ئێستا 40 کەسی لەوانە بە تۆمەتی تیرۆر و توندوتیژی سزاداون و، چاودێری جوڵە و هەڵسوکەوتی هەموو ئەوانەش دەکەن کە لە نێو گروپە توندڕەوەکانی سووریا و عێراقەوە گەڕاونەتەوە بەریتانیا و ئێستا لە ژێر چەتری یاسادا نین.

هەر لەو بارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاش بۆ ڕۆژنامەی (سەن) گوتی: هەنگاوی توند و، کاردانەوەی بەهێزمان دەبێت لەدژی هەرکەسێک لەوانەی چونەتە عێراق و سووریا ئەگەر خوا نەکا لێرە درێژە بە کاری توندوتیژی بدەن. بایی ئەوەندە هێزمان هەیە کە بتوانین بەرگری لەخۆمان بکەین، لەو هەڕەشە جدییانەی کە خێرا بۆ کردەی تیرۆری و توندوتیژی دەگۆڕێن، ئازایانە ڕووبەڕوویان دەبینەوە.
جێی باسە هەڕەشەی تیرۆر و توندوتیژیەکان تەواوی جیهانی گرتۆتەوە، ڕۆژئاواییەکانیش لەو نێوەندەدا تێوەگلاون و، ترسی هەڕەشە و کردەی تیرۆریستی لەناوخۆی وڵاتەکانیاندا دایگرتوون، هەڵبەت ئەوە لەکاتێکدایە کە جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەکۆنفرانسەکەی لەندەندا گوتی: گوڕوتینی داعش لە عێراق دامرکاوەتەوە و، زیاتر لە 50 سەرکردەی داعش کوژراون.
Top