کوڕەکانی حوسنی موبارەک ئازاد کران و، خوێنی تازەیش بۆ ساڵیادی سەرهەڵدانەکەی میسر ڕژا
بیبیسی لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند دوای ئەوەی حەفتەی ڕابردوو دادگا بڕیاری ئازادکردنی دەرکرد، ئەمڕۆ دووشەممە عەلا و جەمال موبارەک لە زیندانی تۆڕای قاهیرە ئازادانە هاتنە دەرەوە و، ملی ڕێیان گرت بەرەو ماڵەوەیان لە میسری نوێ.
جەمالی 51 ساڵان و، عەلای 53 ساڵان تێوە گلابوون لە گەندەڵی و، بەهەدەردانی 14 ملیۆن دۆلار لە سامانی گشتی و، بەکارهێنانی ئەو بڕە پارەیە بۆ خەرجی موڵک و ماڵ بۆ خۆیان. هەردووکیان لەگەڵ باوکیان لە نیسانی 2011 دا دەستبەسەر کرابوون، دوای دادگاییکردنیان دادگا لە ئایاری هەمان ساڵدا چوار ساڵ زیندانی بۆ بڕینەوە.
یادی سەرهەڵدانەکەی میسر
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی بیبیسی، دوێنێ شەممە خەڵکی میسر چاوەڕێی ئازادکردنی دوو کوڕەکەی موبارەکیان دەکرد و، خۆپیشاندەران داخلەدڵ دیار بوون هەربۆیە لە خۆپیشاندانەکەیان بۆ ساڵیادی سەرهەڵدانەکەی میسر گرژی و پێک هەڵپژانی پۆلیس و نەیارانی دەوڵەتی لێ کەوتەوە و، سەرنجام شەیما سەباح ژنە چالاکوانی حزبی هاوپەیمانیی گەل کوژرا، گرژییەکەی دوێنێ، ئەمڕۆیش درێژەی هەبوو و، کوشتەی زیاتریشی لێ کەوتووەتەوە، دەگوترێ نزیکەی 18 کەس کوژران و، سێ لە کوژراوەکان پۆلیسن، دوای ڕووداوەکان ئێستا پۆلس (400) کەسی لە خۆپیشاندەران دەستگیر کردووە.