كیربی: "مەشق بە هێزی پێشمەرگە دەكرێت"
گوتەبێژی پینتاگۆن جۆن كیربی ئاماژەی بەوەدا كە رێكخراوی داعش 55 هەزار كیلۆمەتری لە عێراق كۆنترۆڵ كردووە و حكوومەتی عێراق 77 هەزار كیلۆمەتری بەدەستەوەیە و كوردیش خاوەنی 56 هەزار كیلۆمەتری دووجان.
كیربی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كە لە پینتاگۆن ڕێكخرابوو، ئاماژەی بەوەدا كە تائێستا داعش 20-30 هەزار چهكدارى هەیە، بەڵام بەهۆی هاتن و چوونیانەوە، ئەو ژمارەیە، گۆڕانكاریی بەسەردا دێت.
كیربی ئاماژەی بەوەدا كە داعش لەماوەی شەش مانگدا لە عێراق و سووریا نزیكەی 700 كیلۆمەتری دووجا خاكی لەدەست داوە و ئاشكراشی كرد لە عێراق و بەتایبەتی لە باكوور خاكەكان وەرگیراونەتەوە، هاوكات بەگرنگی زانی كە پێشمەرگە وەك هێزێك لەو ناوچانە بن.
كیربی ئاماژە بەوە دەكات كە "بە پێی لێكۆڵینەوەیەك لە عێراق كە خاكە بەتاڵەكان هەژمار نەكراون، لە ئێستادا داعش 55 هەزار كیلۆمەتری دووجا لەخاكی عێراقی كۆنترۆڵ كردووە و حكوومەتی عێراقیش 77 هەزار كیلۆمەتری دووجای بەدەستەوە ماوە و هێزە كوردییەكانیش خاوەنی 56 هەزار كیلۆمەتری دووجای كۆی خاكی عێراقن".
كیربی ئاماژە بەوە دەكات كە جیاوازی داعش لەگەڵ ئەلقاعیدە ئەوەیە كە داعش هەوڵی كۆنترۆڵ كردنی خاك دەدات و خیلافەت و ئیدارەی خۆی دادەمەزرێنێت، ناشی شارێتەوە كە لەئێستادا داعش چووەتە دۆخی بەرگری كردنەوە و هەوڵی پاراستنی ئەو خاكانە دەدات كە كۆنترۆڵی كردوون .
كیربی ئاماژە بەوە دەكات كە لە عێراق 3600 كەس مەشقیان پێدەكرێت لە هێزەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگە و لەسووریاش هێشتا قۆناغی هەڵبژاردنی لایەنی ئۆپۆزسیۆن بۆ مەشق پێ كردن دەستی پێنەكردووە.
لەلایەكی ترەوە كیربی ئاماژەی بەوەدا كە لە عێراق و لە چوار خاڵی جیاواز (هەولێر، عین ئەلئەسەد، كۆمەڵگای جادریە، بسمایە)، مەشق بە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزی عێراقی دەكرێت كە سەرجەمیان دەگاتە 3 هەزار و 600 كەس.
لە هەولێر 100 كەس ، لە عین ئەلئەسەد 600 كەس ، لە كۆمەڵگای جادریە 1600 كەس و لە بسمایە 1300 عێراقی و هێزی پێشمەرگە مەشقیان پێ دەكرێت.