فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی تووند لە ئیسرائیل دەکات

 فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی تووند لە ئیسرائیل دەکات
لە دوای ئەوەی فەرماندەیەكی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچەی قۆنەیترە-ی سووریا لەلایەن هلیكۆپتەرێكی ئیسرائیلی كرایە ئامانج و چەند ئەندامێكی حیزبوڵڵای لوبنانیش لە نێو كوژراوەكاندا بوون، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەیامێكدا رایگەیاند "سوپا تاوەكو كۆتایی و داڕمانی ئیسرائیل دەست لە چالاكییەكانی هەڵناگرێت".

محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەیامەكەیدا دەڵێت: "پێكهاتەی شەهیدەكانی ئەو رووداوە، نیشاندەری ئەوەیە كە شۆڕشی ئیسلامی سنوورە جوگرافییەكانیان تێپەڕاندووە و بەرەیەكی یەكگرتووی ئیسلامی پێكهاتووە".

جەعفەری هەروەها دەڵێت" ئەم شەهیدبوونانە ئەوە دەسەلمێنن كە ئێمە نابێت لە جیهادكردن دوور بكەوینەوە، زایۆنیستەكان دەبێت چاوەڕوانی هەورە تریشقە كاولكەرەكان بن، ئەوان لە رابردوو توڕەیی ئێمەیان بینیوە".

فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران جەختیكردەوە لەوەی، سوپای پاسداران بە هەمانشێوەی شەڕەكانی رابردوو كە لە لوبنان و فەلەستین نیشانیداوە، "ئەمجارە تاوەكو داڕمانی تەواوی ئیسرائیل دەڕۆین و بە چڕكردنەوەی پشتیوانییەكانمان لە جەنگاوەران و موجاهیدە مسوڵمانەكانی ناوچەكە، تاوەكو سڕینەوەی تەواوی ئەو رژێمە گەندەڵە لە جوگرافیای سیاسی ناوچەكە راناوەستین".









رووداو
Top