چه‌كداره‌ حوسییه‌كان گه‌مارۆى كۆشكى سه‌رۆك وه‌زیرانیان داوه‌

چه‌كداره‌ حوسییه‌كان گه‌مارۆى كۆشكى سه‌رۆك وه‌زیرانیان داوه‌
چه‌كداره‌ حوسییه‌كان له‌ یه‌مه‌ن له‌ هێرشێكدا گه‌مارۆى كۆشكى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌و وڵاته‌یاندا و به‌و هۆییه‌وه‌ چه‌كداره‌ حوسییه‌كان ئه‌نجامدانى كوده‌تا بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات تۆمه‌تباركران. میدیا ناوخۆییه‌كانى یه‌مه‌ن له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌ییه‌كى نزیك كۆشكى سه‌رۆك وه‌زیران بڵاویانكرده‌وه‌، له‌ ئێستادا كۆشكى سه‌رۆك وه‌زیرانى یه‌مه‌ن له‌ لایه‌ن چه‌كداره‌ حوسییه‌كانه‌وه‌ گه‌مارۆ دراوه‌ و هه‌روه‌ها ده‌نگى ته‌قه‌ و ته‌قینه‌وه‌ى بۆمب له‌ نزیك كۆشكه‌كه‌ ده‌بیسترێت، به‌ڵام هێشتا چه‌كداره‌ حوسییه‌كان نه‌چوونه‌ته‌ ناو كۆشكه‌كه‌وه‌ و به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته‌ش، چه‌كداره‌ حوسییه‌كانیان به‌ ئه‌نجامدانى كوده‌تا بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات تۆمه‌تبار كرد.

هه‌ر دوێنێ نادییه‌ سه‌قاف وه‌زیرى راگه‌یاندنى یه‌مه‌ن رایگه‌یاند، چه‌كداره‌ حوسییه‌كان له‌ ناوه‌ڕاستى شارى سه‌نعاى پایته‌خت هێرشیان كرده‌ سه‌ر كاروانى ئۆتۆمبێله‌كانى سه‌رۆك وه‌زیران، دواتر شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێوان پاسه‌وانه‌كانى سه‌رۆك وه‌زیران و چه‌كداره‌ حوسییه‌كان روویدا. دواى ئه‌وه‌ى له‌ مانگى ئه‌یلوولى رابردوو چه‌كداره‌ حوسییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر زۆربه‌ى شارى سه‌نعا گرتوون، بارودۆخى ئه‌منى و سیاسى ئه‌و وڵاته‌ تێكچووه‌ و رۆژانه‌ شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و چه‌كداره‌ حوسییه‌كان رووده‌دات.
Top