حه‌سه‌ن روحانی نزمكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وتی به‌ پلانێكی رێكخراو ناو برد

حه‌سه‌ن روحانی نزمكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وتی به‌ پلانێكی رێكخراو ناو برد
حه‌سه‌ن روحانی سه‌ركۆماری ئێران نزمكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وتی به‌ پلانێكی رێكخراو ناو برد و جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌م كاره‌یان رێكخستووه‌ په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ .

به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی ئیرنای فه‌رمی ئێران روحانی له‌ وتارێكی جه‌ماوه‌ری رایگه‌یاندووه‌ كه‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت له‌ نزمكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ ئێران زیاتر زیانیان پێده‌گات.

روحانی راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌دا 80ی داهاتی ئابووری سعوودییه‌ و سه‌دا 90ى داهاتی وڵاتی كوێت به‌نده‌ به‌ نه‌وته‌وه‌.

هاوكات بوودجه‌ی ئه‌م ساڵی ئێران ته‌نها سه‌دا سى و سێی به‌ نه‌وته‌وه‌ به‌ند بووه، روحانی ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ی پیلانی نزمكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت ده‌گێڕن با بزانن كه‌ له‌م كاره‌یان ته‌نها وڵاتانی سعوودییه‌ و كوێت و وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت له‌ ئێران زیاتر زه‌ره‌مه‌ند ده‌بن.

سه‌ركۆماری ئێران نزمكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وتی به‌ "پلانێكی رێكخراو" ناوزه‌ند كردووه‌ و راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ ئێران به‌سه‌ر ئه‌م پلانه‌ش سه‌رده‌كه‌وێ چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن به‌رده‌وام نابێت.
Top