موبارەک دادگایى دەکرێتەوە ... پێدەچێت ئازادبکرێت

 موبارەک دادگایى دەکرێتەوە ... پێدەچێت ئازادبکرێت
دادگاى تێهەڵچونەوەى میسر تانەى پارێزەرى حوسنى موبارەکى سەرۆکى پێشوترى ئەو وڵاتە و کوڕەکانى پەسەند کرد لەسەر دۆسیەى بەکارهێنانى سامانى گشتى بۆ بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان و تەرخانکردنى بۆ کۆشکى سەرۆکایەتى، ئەوەش دواین دۆسیەیە کە موبارەکى پێ تۆمەتبار کراوە و بەم بڕیارەش ئەگەرى ئازادکردنى دێتە ئاراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، دادگاى تێهەڵچونەوە کە باڵاترین دادگاى ئەو وڵاتەیە، رەزامەندى داوە لەسەر داواى پێداچونەوەى حوسنى موبارەک و عەلا و جەمالى کوڕى لە دۆسیەى کۆشکى سەرۆکایەتى کە تێیدا تۆمەتبار کراون بەوەى بەوهۆیەوە پارە و داهاتى گشتیان بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەکارهێناوە و بەفیڕۆیانداوە و ئەوەش دوا دۆسیەیە لەسەریان ماوەتەوە.
بەوپێیەى پێشتر موبارەک ئەستۆپاک دەرچو لە تۆمەتى کوشتنى خۆپیشاندەران و سەرکوتکردنى خۆپیشاندانى خەڵکى ئەو وڵاتە کە پێشتر پێى تۆمەتبار کرابو، ئەگەر ئەم دۆسیەیەشى لەسەر نەمێنێت کە دادگاى کەتنى ئەو وڵاتە بەهۆیەوە سزاى سێ ساڵ زیندانى بەسەردا سەپاندوە و دوبارە دادگایی دەکرێنەوە لەسەرى، ئەوا پێدەچێت ئازادبکرێت و نەخۆشخانەى سەربازى لە قاهیرە بەجێبهێڵێت کە ئێستا تێیدا دەستگیرکراوە.









سبەی
Top