لەفەرەنسا کۆبونەوەی یەکڕیزی بەڕێوە دەچێت
ماڵپەڕی بیبیسی نووسیویەتی نزیکەی 40 سەرکردەی جیهان چوونە بۆ پاریس؛ دەیڤد کامیرۆن و، ئەنگڵا مێركڵ و، بنیامین ناتانیاهۆ و، مەحموود عەباس و، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەوێدانە و، لەوانەیە شا و شاژنی ئەردەنیش بچن.
سەعات 3 بە کاتی فەرەنسا ڕێوڕەسمەکە لە کۆشکە کۆمارییەکەی فەرەنساوە دەست پێدەکات و، کەسوکاری قوربانییەکان سەرپەلی ڕێوڕەسمەکە دەکەن.
هەڵبەت پێش دەسپێکردنی ڕێوڕەسمەکە سەرۆکی فەرەنسا سەردانی کۆمەڵگەی جوولەکەکانی پاریس دەکات و، لەوێ سەرکردەکانی جیهان دەبینێت؛ ئاخر لەو چەند ڕۆژەدا جووەکانی فەرەنسا زۆر ترساون.
خەڵکی هەر لە ئێستاوە ڕژاونەتە سەر شەقام بۆ بەشداری لەو ڕێوڕەسمەدا، میدیاکانی جیهان دەڵێن ڕەنگە یەک ملیۆن کەس لەو بۆنەیەدا بەشدار ببن.
فرانسۆ هۆڵاند سەرکۆماری فەرەنسا داوای لە خەڵکی فەرەنسا کردووە بێن بۆ کۆبوونەوەی یەکڕیزی و، بەرگری لە دیموکراسی و ئازادی.
سەرۆکوەزیر 'مەنوێڵ ڤاڵی'ـیش گوتی: "گومانم نییە کە خەڵکێکی زۆر دێن و، بە کردەوە نیشانی دەدەن چەندە ئازادی و برایەتییان بە لاوە گرنگە؛ فەرەنسا بەبێ جوولەکە، فەرەنسا نییە. ئێمە ئەمڕۆ هەموومان 'چارلین'ـە؛ پۆلیسین؛ جوولەکەینە. دەبێ تا هەتایە ڕێزیان بگرین.