پاریس: لە هێرشێکی دیکەدا 2 پۆلیس برینداربوون

 پاریس: لە هێرشێکی دیکەدا 2 پۆلیس برینداربوون
لەكاتێكدا پۆلیسی فەڕەنسا لە نێو شاری پاریس و ناوچەكانی دیكەی فەڕەنسا دەستیكردووە بە ئۆپەراسیۆنی گەران بەدوای ئەنجامدەرانی هێرشەكەی رۆژی چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2015، کەسێک تەقە لە پۆلیس دەکات و 2 پۆلیس برینداربوون.

میدیاكانی فەڕەنسا بڵاویانكردەوە، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2015 لە ناوچەی شاتیلۆن لە باشووری پاریس، كەسێك تەقەی لە چەند پۆلیسێك كردووە و دوو لە پۆلیسەكانیش برینداربوون و برینەکانیشیان سەختن.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، ئەو كەسە دوای تەقەكردن هەڵاتووە و پۆلیسی فەڕەنساش ئەو ناوچەیەی گەمارۆداوە و کەسێکیش دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەوە نییە، كە ئەم رووداوە پەیوەندی بە هەمان رووداوەكەی رۆژی چوارشەممەوە هەبووە یان نا.

دەزگا ئەمنییەكانی فەڕەنسا ئاماژەیان بەوەكردووە، پۆلیسی پاریس ژمارەیەك خەڵكی دەستگیركردووە، كە گومان دەكرێت پەیوەندییان بە هێرشەكەی سەر شارلی ئێبدۆوە هەبووبێت یان پەیوەندییان لەگەڵ هێرشكەراندا هەبووبێت.

تاوەکو ئێستا یەك لە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی رۆژی چوارشەممە خۆی رادەستی پۆلیس كردووە، بەلام دوانەكەی دیكەم كە برای یەكترن، تا ئێستا دەستگیرنەكراون.

رۆژی چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2015، لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، سێ چەکدار بە کلاشینکۆف هێرشیانکردە سەر بنکەی گۆڤاری شارلی ئێبدۆ و لە ئەنجامدا، 12 کەس کوژران.








رووداو
Top