پاریس.. بەهۆی تەقەکردن لە بارەگای گۆڤارێک 11 کەس کوژران

پاریس.. بەهۆی تەقەکردن لە بارەگای گۆڤارێک 11 کەس کوژران
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2015، هێرشكرایە سەر بنكەی گۆڤارێكی فەڕەنسی لە نێوەڕاستی پاریس و لە ئەنجامدا 11 كەس كوژران و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوەیەكی پۆلیس لەمبارەیەوە بە رۆژنامەی لو فیاگاغۆی فەڕەنسی راگەیاندووە، "بەهۆی هێرشی چەند چەكدارێكەوە بۆ سەر بارەگای گۆڤاری شاڕلی ئێبدۆ لە پاریس، 11 كەس كوژراون، کە دوویان پۆلیسن".

بەپێی گوتەی چەند گەواهیدەرێک، هێرشەکە لەلایەن دوو یان سێ كەسی دەمامكدراو بە چەکی کلاشینکۆف ئەنجامدراوە و هێرشبەرەکان لە کاتی هێرشەکە هاواریان كردووە، "تۆڵەی پێغەمبەرتان لێدەكەینەوە".

هەفتەیەک پێش ئێستا، رۆژنامەکە کاریکاتێرێکی ئەبوبەکر بەغدادی، "خەلیفە"ی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی بڵاوکردەوە.

شارلی ئێبدۆ چەندین جار کاریکاتێری دژی ئاینی ئیسلام، مەسیحی و جووی تێدا بڵاوكراوەتەوە، هەروەها لە رێگەی كاریكاتێرەوە رەخنە لە كولتوور و سیاسەتیش دەگرێت.

چەند جارێکیش لەو گۆڤارە، بە کاریکاتێر "سوکایەتی" بە پێغەمبەری ئیسلام کراوە.











رووداو
Top