شاندێكی ئێران لە دیمەشق لەگەڵ بەشار ئەسەد كۆبوونەوە

 شاندێكی ئێران لە دیمەشق لەگەڵ بەشار ئەسەد كۆبوونەوە
شاندێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆكایەتی رۆستەم قاسمی وەزیری پێشووی نەوت و راوێژكاری ئێستای وەزارەتی بەرگریی حكومەتی ئێران لە دیمەشق، بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریایان بینیوە.

راگەیاندنە حكومییەكانی ئێران و سووریا ئامانجی ئەو سەردانەیان بە پەرەپێدانی هاوكارییە ئابوورییەكان راگەیاندووە، كە بە مەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییەكان ئەنجام بدرێت.

ئاژانسی فەرمی حكومەتی سووریا (سانا) نووسیویەتی: لەو دیدارەدا بەشار ئەسەد جەختی لە هاوئاهەنگی روانینی ئابووری لەگەڵ روانینی سیاسی لە نێوان هەر دوو وڵات كردووەتەوە و داوای كردووە ئاسانكاری بكرێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوانیان.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز چەند رۆژ لەوەو پێش لە زاری چەند بەرپرسێكی ئابوریی سووریاوە باسی لەوە كردبوو، كە دیمەشق نیگەرانە لە كاردانەوەی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئێران، بە تایبەت لەو رووەوە كە بە هۆیەوە تاران نەتوانێ لە پشتگیرییەكانی دارایی و سەربازییەكانی بۆ سووریا بەردەوام بێت.








رووداو
Top