لوبنان رێوشوێنی توند ده‌گرێته‌به‌ر بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی سوریا

لوبنان رێوشوێنی توند ده‌گرێته‌به‌ر بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی سوریا
ده‌سه‌لاتدارانی لوبنان هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی هاوولاتیانی سوریا بۆ ناو وڵاته‌كه‌یان ته‌نها له‌ رێگه‌ی ڤیزاوه‌ رێگه‌ پێده‌ده‌ن و ئه‌م بڕیاره‌ش له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌ستپێده‌كات ، ئه‌م رێوشوێنه‌ش بۆ یه‌كه‌م جاره‌ له‌ نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌دا رووده‌دات . سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی لوبنان رایگه‌یاند كه‌ مه‌به‌ست له‌و بڕیاره‌و وه‌رگرتنی ئه‌م رێو شوێنه‌ بۆ رێكخستنی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی هاوولاتیانی سوریایه‌ بۆ ناو خاكی لوبنان و مانه‌وه‌یان تیایدا .

به‌پێی ئاماره‌كان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای قه‌یرانی سوریا له‌ ساڵی دوو هه‌زارو یازده‌وه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن په‌نابه‌ری سوریا روویان له‌ لوبنان كردووه‌ . هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه‌ روونیكرده‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستی دیكه‌ له‌م هه‌نگاوه‌ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخی ئه‌منی و ئابوورییه‌ . شایانی باسه‌ له‌ سه‌ره‌تای قه‌یرانی سوریا كه‌ نزیكه‌ی چوار ساڵ ده‌بێت ، لوبنان له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ زیاتر له‌ بیست ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتووه‌ .
Top