لاریجانی چووە بەغدا و نەهاتە هەولێر
فەخرەدین قادر، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە سەردانی لارجانی بۆ ھەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و گەورە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" ھیچ بەرنامەو کارنامەیەک بۆ سەردانیکردنی بەڕێز عەلی لاریجانی بۆ پەرلەمانی کوردستان نییە، بەندە تا عەسر لە پەرلەمان بووم ھیچ شتێک لە سەر ئەم سەردانە لە ئارادا نەبوو".
کامەران سوبحان، سکرتێری رۆژنامەڤانی یوسف محەممەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:" پێشوازیکردن و کۆبوونەوە لەگەڵ عەلی لاریجانی لە ھەولێر ئەمڕۆ لە ئەجێندای کاری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستاندا نییە".
رۆژی چوارشەممە 24ی کانوونی یەکەمی 2014، عەلی لاریجانی سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، لاریجانی پاڵپشتی و پشتگری وڵاتەکەی بۆ پرۆسەی سیاسی لە عێراق و رووبەڕووبوونەوەی داعش راگەیاند.
لاریجانی ئاماژە بە کارتێکردنی بارودۆخی عێراق و ئێران لە سەر یەکدی و کۆی ناوچەکە کرد و گوتی:" ئێران لە پاڵ عێراق دەوەستێت لە شەڕی رێکخراوەی تاوانباری داعش". ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا لاریجانی سەبارەت بە سەردانیکردنی ھەولێر گوتی:" دەمانەوێت لەم گەشتە سەردانی ھەرێمی کوردستانیش بکەین".
رووداو