ئەردۆغان پەیامێكی تووند ئاراستەی هەدەپە دەكات

 ئەردۆغان پەیامێكی تووند ئاراستەی هەدەپە دەكات
سەرۆككۆماری توركیا لەبارەی ریفۆرمی ئاسایشی نێوخۆیی وڵاتەكەی گوتی: "ئەوانەی زاتی تێكدانی ئەو هەمواركردنەوەیە دەكەن، دەبنە تاكە بەرپرسیاری ئەو تێكدانە، ئەو كەسانەش، كە دەیانەوێ خەڵك بڕژێننە سەر شەقامەكان، لە دەستی دادگا رزگاریان نابێ".

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا لە دیداری ستراتیژی نێودەوڵەتی بۆ نەوت و گاز گوتی: "ریفۆرمی ئاسایشی نێوخۆیی بەتەواوی بۆ پاراستنی كۆمەڵگا و رەوشی تەناهی دەستەبەر دەكات، ئەو كەسانەش، كە دەیانەوێ خەڵك بڕژێننە سەر شەقامەكان، لە دەستی دادگا رزگاریان نابێ".

بەبۆچوونی ئەردۆغان ئەو هەنگاوەی حكومەت هاوێشتوویەتی هەنگاوێكی ئەرێنی بووە و داوا دەكات "وەكو میللەت هەموومان لەپشت ئەو هەنگاوەوە بین".

بەبۆچوونی ئەردۆغان، سیاسەت بە مۆلۆتۆڤ ناكرێ، "ئەمە وەك راستی قەبووڵ ناكەین، دەوڵەت ئامادەكاری دەكات بۆ رێگرتن لە كردەوەی كوشتنی هاووڵاتییانییان، كە بۆ دابەشكردنی گۆشتی قوربانی دەچن و لە ئەنجامی تووندوتیژییەكان دەكوژرێن".

ئەم قسانەی ئەردۆغان دوای ئەوە هات، كە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان HDP رایگەیاند: " لەرێگەی ناڕەزایی شەقام و گردبوونەوەكان رێگری لە پاكێجی یاسای ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەكەین، لە شەقامەكان قیامەت بەرپادەكەین".

ئەم قسانەی دەمیرتاش رۆژەڤی توركیای بە وەڵام و وەڵامكاری نێوان AKP و HDP گەرمكردووە.









رووداو
Top