توركیا و ئه‌مه‌ریكا ناكۆكییه‌كانیان له‌ بنبڕكردنی چه‌كدارانی تیرۆریستی داعش به‌ گه‌وره‌ نازانن

توركیا و ئه‌مه‌ریكا ناكۆكییه‌كانیان له‌ بنبڕكردنی چه‌كدارانی تیرۆریستی داعش به‌ گه‌وره‌ نازانن
توركیا و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆچوون و ناكۆكییه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ بنبڕكردنی چه‌كدارانی تیرۆریستی داعش به‌ گه‌وره‌ نازانن ، ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلو سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی دژه‌ فرێن له‌ سوریا و لادانی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا .

توركیا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكایه‌ دژ به‌ چه‌كدارانی تیرۆریستی داعش وا بۆی ده‌چێت كه‌ گورزه‌ ئاسمانییه‌كان ئه‌نجامی خۆی وه‌ك پێویست ناپێكێت و داوای ستراتیژیه‌كی فراوان ده‌كات ئه‌ویش به‌ لادانی ئه‌سه‌د و دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی دژه‌ فرێن .

جۆبایدن جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌ گه‌ڵ ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلو سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا رایگه‌یاند كه‌ زۆر له‌ بابه‌ت و مه‌سه‌له‌ی گرنگ باسی لێوه‌ كرا كه‌ جێگه‌ی ناكۆكی بوون به‌ڵام له‌ كۆتاییدا به‌رده‌وام ده‌گه‌ینه‌ رێككه‌وتن له‌ سه‌ر یه‌ك بۆچوون .

داوود ئۆغلو له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتن له‌ شێوازه‌كان ناكۆكن به‌ڵام هاوبه‌شن له‌ ئامانجه‌كان و ئه‌مه‌ریكاش هه‌وڵی رووخانی رژیچمی ئه‌سه‌د ده‌دات .
Top