داودئۆغڵو: ئۆتۆنۆمی بۆ كورد لە توركیا نایەتەدی

 داودئۆغڵو: ئۆتۆنۆمی بۆ كورد لە توركیا نایەتەدی
سەرۆكوەزیرانی توركیا رایدەگەینێت: "داواكردنی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد لە توركیا بەدینایەت و هیچ كەسێك مافی نوێنەرایەتیكردنی كوردی بە HDP و PKK نەداوە و ئێمە زیاتر لەوان نوێنەرایەتی كورد دەكەین".

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی توركیا لەبارەی دانانی رێككەوتێكی دیاریكراو بۆ پڕۆسەی ئاشتی، گوتی: "لێرەوە چیتر رێكەوتێكی دیاریكراو بۆ پڕۆسەی ئاشتی دانانێین، بەڵكو ریزبەندی هەیە، هەر كەسێك كارێك بكات، لایەنەكەی دیكە لەبەرامبەردا كارێك دەكات، ئەگەر ئەوان چەك دابنێن ئێمەش رێگە بەگەڕانەوەی ئەوانە دەدەین بۆ نێو كۆمەڵگا، كە تاوانیان ئەنجامنەداوە".

هەروەها ئاماژە بە كۆبوونەوەی خۆی و سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی گەلان (هەدەپە) دەكات و دەڵێ: "ئەو كاتەی كۆبووینەوە پێمگوت: سوپاسگوزاری ئەوە بووم كە بوونە پاڵێوراوی سەرۆكایەتی كۆمار و ئەگەر بووبانە سەرۆككۆمار، نوێنەرایەتی هەموو توركیاتان دەكرد، بەڵام ئەگەر لە خۆپێشاندانەكانی 6 و 7ی تشرینی یەكەمی 2014 رووی دەمت كردە گرووپێكی بچووك، ئەمە شتێكیترە".

داودئۆغڵو باسی لە سەردانەكەی كرد بۆ عێراق و گوتی: "عێراق بە رەوشێكی ناهەمواردا تێدەپەڕێت و سەدا 35-40ـی خاکەکەی لەدەست حكومەتدا نییە، زیاتر لە 30 ساڵە شەڕ لە دوای شەڕ، ئەزموونی دیموكراسی ئەم دواییەش ئەنجامێكی ئەرێنی لێنەكەوتەوە".

هەروەها دەڵێ: "پێنج ساڵە هەموو نیازپاكییەكانی توركیا بەرامبەر عێراق بە هەڵە لێكدراوەتەوە، "تكامان لە مالیكی كرد و گوتمان سوننەكان پەراوێزمەخە، بەڵێنەكانی بە كوردت داوە بگەیەنەجێ، توركمان و گرووپە شیعییەكان بێنە نێو سیستەمی حكومڕانییەوە"، ئەوانە داواكاری ئێمە بوون لە عێڕاق، نیازمان بە سەپاندنی هیچ شتێك نییە".

هەروەها دەڵێ: "بەهۆی پەراوێزخستنی بەشێك لە ناوچەكان، گرووپە تیرۆریستییەكان ناوچەیەكیان بەسەر خۆیاندا دابڕی، ئەگەر لە ساڵی 2011 و دوای كشانەوەی ئەمریكا گرووپە سوننییەكان پەراوێز نەخرابان، ئێستا داعش نەیدەتوانی لەو ناوچەیە حاكمیەتی خۆی دابمەزرێنێت".

سەرۆكوەزیرانی توركیا ئاماژەی بەوەکرد، کە توركیا دەیەوێ تابلۆی لەیەكنزیبوونەوەی لایەنەكان ببینێت، "لەو چوارچێوەیەدا ئەوەی ئێمەی زۆر دڵخۆشكرد هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی بوو، كە لە دوا سەردانیدا گوتی، بەجۆرێك لەگەڵ بەغدا گەیشتووینەتە رێككەوتن".

داودئۆغڵو گوتیشی: "لە توركیا هەرچی هەبێت عێڕاق پێویستی پێیەتی، عێراق دەیەوێ ببووژێتەوە، كۆمپانیا توركییەكان دەتوانن بیبووژێننەوە، توركیا پێویستی بە نەوت و گازە و عێراق نزیكترین وڵاتە بۆ ئەمە، كارێكی تەواوكاری گرنگە، هیچ كاتێك رەگەزپەرستیمان بە بنەما نەگرتووە نە لە عێراق و نە لە سووریا".

ئاشكراشی كرد، كە لە مانگی یەكی ساڵی داهاتوو حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەردانی توركیا دەكات و بڕیارە كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن، كە بەلایەنی كەمەوە 10 وەزیر بەشداری تێدا بكەن، منیش بە 4-5 لە هاوڕێكانمەوە بەشدار دەبم، ئەمەش پێشهاتێكی باش دەبێت، رێككەوتنیشمان رێگە لەبەردەم بازرگانی و وەبەرهێنان دەكاتەوە".








رووداو-TRT
Top