بۆكۆ حەرام سێ شاری نایجیریا كۆنتڕۆڵدەكات

 بۆكۆ حەرام سێ شاری نایجیریا كۆنتڕۆڵدەكات
گرووپی ئیسلامی تووندڕەوی بۆكۆ حەرام شاری شیبۆكی نایجیریا و دوو شاری دیکە كۆنتڕۆڵدەكات، شاری شیبۆك ئەو شارەیە، كە تێیدا لە مانگی نیساندا 278 خوێندكاری كچی لەلایەن بۆكۆ حەرامەوە رفێندرا.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، بۆكۆ حەرام توانیویەتی دوو شاری دیكە كۆنتڕۆڵ بكات، هاوكات فڕۆكەیەکی سەربازیی سوپای نایجیریا بخاتە خوارەوە و لە ئاكامی هێرشێكی خۆكوژیدا بۆ سەر وێستگەیەكی سووتەمەنی تایبەت بە سوپای نایجریاش شەش كەس كوژران.

لە باكووری رۆژهەڵاتی نایجیریا سەدان چەكداری بۆكۆ حەرام توانییان شاری هۆنگ و شاری گومبی لە ویلایەتی ئاداما كۆنتڕۆڵبكەن.

گرووپی بۆكۆ حەرام لە مانگی رابردوو توانی 20 گوند و شارۆچكەی سەر بە سێ ویلایەتی جیاواز كۆنتڕۆڵ بكات و تێیدا خەلافەتی ئیسلامی رابگەیەنن،
واشنتن گرووپی بۆكۆ حەرامی خستووەتە لیستی رەشەوە، لە ئاستی نێودەوڵەتی وەكو گرووپێكی تیرۆرستی پۆلێنكراوە.

لە هەفتەی رابردوودا حكومەتی نایجیریا رایگەیاند، كە ئەمریكا كەمتەرخەمە لە پشتیگركردنی نایجیریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بۆكۆ حەرام.









رووداو
Top