موڕشیدی ئیخوانەکانی میسر سزات تاهەتایی بەسەردا سەپێندرا

 موڕشیدی ئیخوانەکانی میسر سزات تاهەتایی بەسەردا سەپێندرا
دادگای میسری، ئەمڕۆ شەممە، سزای تاهەتایی بۆ ماوەی 25 ساڵ بەسەر ڕابەری گشتیی ئیخوانەکان(محەممەد بەدیع) و حەوت تۆمەتباری دیکەی دۆسێی ناسراو بە (ڕووداوەکانی مزگەوتی ئیستیقامە) و، هەروەها سزای لەداردانیشی بەسەر شەش کەسی دیکەدا سەپاند.
(بەدیع) هاوکات بە هۆی دوو بابەتی دیکەوە لە چوارچێوەی دادگاییکردنەکانی سەرکردە و شوێنکەوتووانی ئیخوان موسلمین، پاش دەستبەسەرکردنی (محەممەد موورسی) سزای لەداردان و بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
سەرچاوەکان دەڵین، دادگای تاوانەکانی جەیزە، سزای لەداردانی بەسەر شەش کەسی دیکەدا سەپاندووە بێئەوەی خۆیان ئامادەی دادگاکە بن.
دۆسێکە هیی 22-ی تەممووزی ساڵی ڕابردووە، کاتێک ناڕەزاییی توند لەبەردەم مزگەوتی ئیستیقامە لە جیزە بەرپا بوو و بووە هۆی کوژرانی دە کەس و برینداربوونی 21 کەسی دیکە.
دادگا تۆمەتگەلێکی بەرەوڕووی تۆمەتباران کردوونەتەوە لەوانە "کوشتن، شەرعییەتدان بە کوشتن و هاندان بۆ کوشتن و پەنابردن بۆ چەک."
لە 19-ی یونیۆ-حوزێراندا، دۆسێی سزادانی (محەممەد بەدیع) و تۆمەتبارەکانی دیکەی ڕادەستی موفتیی کۆماری کردبوو بۆ دەرچوواندنی سزای لەداردانیان، بەڵام موفتی، سزای لەداردانی ڕەت کردبووەوە بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست. پاشان لە 7-ی ئۆگەست-ئابدا جارێکی دی دادوەر دۆسێکەی بۆ موفتی ناردەوە و پێی ڕاگەیاندبوو کە چاوێکی پێدا بخشێنێتەوە.
لە نێو ئەو سەرکردانەی ئیخواندا کە ئەمڕۆ شەممە، سزای تاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە (محەممەد ئەلبەڵتەجی و عیسام ئەلعەریان) و هەروەها وەزیرێکی سەردەمی (موورسی) بە ناوی (باسم عۆدە) هەن. هاوکات سەرکردەی ئیخوانەکان(عەلی عاسم عەبد ئەلماجد)-ی بێئەوەی ئامادەی دادگاییکردنەکە بێت، سزای لەداردانی بەسەردا سەپێندرا.
لە یولیۆ-تەمموزی 2013-دا، بە هۆی دەستبەسەرکردنی (محەممەد موورسی)، ناڕەزایی توندی بەفراوان بەرپا کرا.. بە هەزاران لە سەرکردە و شوێنکەوتووانی ئیخوان موسلمین ولە نێویاندا (موورسی) دەستگیر کران و بە تۆمەتی جیاواز دراونەتە دادگا.
Top