ئۆباما: هاوكارییە سەربازییەكانمان دژی داعش بەردەوام دەبێت

 ئۆباما: هاوكارییە سەربازییەكانمان دژی داعش بەردەوام دەبێت
باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كۆشكی سپی وتارێكی پێشكەشكردو تێیدا جەختی لە هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئەمریكا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوەو گوتی "ناهێڵین تیرۆریستانی داعش لەو ناوچەیە بن".

وتارەكەی ئۆباما تایبەت بوو بە بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان، كە ئێستا لە رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعشدان، ئۆباما بەتایبەت جەختیكردە سەر بارودۆخی ئاوارەكانی كوردانی ئێزدی لە چیای شنگال و گوتی "ئامانجی ئێمە رزگاركردنی ئەو ئاوارانەو گەڕانەوەیانە بۆ شوێنی خۆیان".

گوتیشی "دوو جار فڕۆكەكانی ئەمریكا پێدوایستییان گەیاندووەتەوە ئەو چیایە و لە دەرەوەی چیاكەش مۆڵگەكانی داعش كراونەتە ئامانج".

ئۆباما جەختیكردەوە ، كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی سەربازیی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و گوتی "دەمانەوێت رێگربین لە ئەنجامدانی جینۆساید و دەمانەوێت تیرۆیستان نەتوانن لەو سنوورە بمێننەوە". بەڵام راشیگەیاند كە جارێكی دیكە ئەمریكا سەرباز نانێرێتەوە عێراق و هاوكارییەكان تەنیا پاڵپشتی هێرشی ئاسمانی دەبێت.

سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و فەرەنسا قسەیكردووەو "ئەوانیش پاڵپشتی خۆیان دەربڕیوە بۆ پشتیوانیكردنی خەڵكی سڤیل". گوتیشی "جۆ بایدن لەگەڵ سەركردە عێراقییەكان لە پەیوەندیدایە".

باراك ئۆباما جارێكی دیكە جەختیكردەوە، كە واشنتن دەیەوێت عێراقییەكان یەكبگرن ‌و حكومەتێكی نیشتمانی پێكبهێنن و گوتی "دەبێت حكومەتێك لە عێراق دروستبێت خەڵكەكەی لە باكوور، ناوەڕاست و باشوور بپارێزێت".






رووداو
Top