ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسڕائیل دەستی پێ کرد
ئاگربەست سەعات 8-ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دەستی پێ کرد و وەها بڕیارە بۆ ماوەی 72 سەعات درێژەی هەبێ، ئەمەیش پاش دانوستانی نێوانیانە بۆ وەستاندنی هەڵکشانی زیاتری توندوتیژییەکانی بەرەنجامی شەڕ.
هەر ئەمڕۆ، ئیسڕائیل پاشەکشەی کۆی هێزەکانی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند و گەڕاونەتەوە شوێنی بەرگرییان لە دەرەوەی کەرتی غەززە.
گوتەبێژ بە ناوی هێزەکانی ئیسڕائیلی(موتیموز) بۆ ڕادیۆی ئیسڕائیل جەختی کردەوە کە، تەواوی هێزەکانیان لە کەرتی غەززە پاشەکشە دەکەن. بەڵام وەک سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن ئاماژە دەدەن، بەرلە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، لە قودس و تەلئەبیب زەنگی ئاگادارکردنەوە لێی داوە بە هۆی ئەو مووشەکانەی حەماس کە لە نێوەڕاستی ئیسڕائیلی داون.
هەر بەرلە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل، شوێنگەلێکی غەززەیان بۆردوومان کردووە.
قاهیرەیش خوازیارە بۆ ئاگربەستێکی درێژخایەن لە نێوان ئیسڕائیل و بزووتنەوەی حەماسدا، هەردوو لایان شاند بنێرنە میسر.