هیومن ڕایتس وۆچ: میلیشیاکانی سەر بە حکوومەتی عێراق، سوننەکان دەڕفێنن و دەیانکوژن

 هیومن ڕایتس وۆچ: میلیشیاکانی سەر بە حکوومەتی عێراق، سوننەکان دەڕفێنن و دەیانکوژن
هیومن ڕایتس وۆچی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند، میلیشیاکانی سەر بە حکوومەتی عێراق، پێنج مانگە پڕۆسەی ڕفاندن و کوشتنی هاووڵاتییانی سوننەکانیان لە پارێزگاکانی بەغدا، دیالە و بابل دەست پێ کردووە، دەشڵێت پرۆسەی کوشتنی بەو جۆرە گوزارشتە لە گرژبوونی مەترسیداری تاییفی لە وڵات.

ڕێکخراوەکە کە بارەگای سەرەکی لە نیویۆرکە، ڕوونی کردووەتەوە، توانیویەتی کوشتنی 61 پیاوی سوننەمەزهەب لە نێوان سەرەتاکانی مانگی حوزێران تا 9-ی تەممووزی 2014 پشتڕاست بکاتەوە، هەروەها کوشتنی 48 سوننەمەزهەبی دیکەی لە ماوەکانی نێوان ئازار و نیسانی ڕابردوودا پشتڕاست کردووەتەوە، کە لە دێ و شارۆچکەکانی نزیک بەغدا کە بە پشتێنەی بەغدا ناو دەبرێن، کوژراون.

بەپێی زانیارییەکانی نێو ڕاپۆرتەکە کە لە شایەتحاڵی کوشتنەوە وەریانگرتووە، گرووپی "عەسایب ئەهلولحەق" کە میلیشیای شیعەن و بەم دواییانە پشتیوانی لە هێزەکانی حکوومەت دەکەن، بە کوشتنی سوننەکان تۆمەتبار دەکەن.

بەرپرسی ڕێکخراوەکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفەریکا(جۆ ستورک) دەڵێت، "ئەگەر هات و خەڵکی پەنجەی تۆمەتیان بۆ میلیشیاکان درێژ کرد، ڕەنگە حکوومەت باوەڕی وا بێ کە پێوەست بەم پرسە ڕووی خۆی سپی بکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەرکی حکوومەتە داوا لەو میلیشیایانە بکات کوشتنی خەڵکی، تەنیا لەبەر ئەوەی لە تاییفەیەکی دیکەن، ڕبگرێت."

ڕاپۆرتەکە هاوکات پرسی دروستکردنی چەند یەکەیەکی ئەمنیی نوێ کە لە میلیشیاکان پێک هاتوون، هێناوەتە بەر باس و دەڵێت، ئەرکیان جێبەجێکردنی پرۆسەی کوشتنە و دەبێ حکوومەتی عێراقی بەرپرسارەتی بگرێتە ئەستۆ.
Top