پولیسی توركیا 105 كارمەندی دەزگا ئەمنییەكانی دەستگیر كرد
لە چوارچێوەی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی دەسەڵاتداری توركیا ئاكەپە و گرووپی (فەتحوڵڵا گولەن)ـدا، رۆژی 22ـی ئەم مانگە داواكاری گشتیی توركیا بڕیاری دەستگیركردنی ئەندامانی گرووپی (گولەن) بە تایبەتی ئەوانەی لە نێو دامودەزگا ئەمنییەكاندا كار دەكەن دەركرد و داوای دەستگیركردنی زیاتر لە 115 كارمەندی دەزگا ئەمنییەكانی سەر بە گرووپی (گولەن)ـی كردووە.
لەو چوارچێوەیەدا تا ئێستا 105 ئەندام و كارمەندی دەزگا ئەمنییەكان كە هاوكات ئەندامی گرووپی (گولەن)ـن و بە سیخوڕیكردن و گوێگرتنی نایاسایی لە بەرپرسانی توركیا و بڵاوكردنەوەی بڵگەنامەی نهێنی تۆمەتبار دەكرێن، دەستگیر كراون.
لە بارەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەوە سەرۆكوەزیرانی توركیا دەڵێت، ئەو ئۆپەراسیۆنانە بەردەوام دەبن و هەمووی ئێمە سەیری رووداوەكان و دەرئەنجامی رووداوەكان دەكەین.
لە بەرامبەریشدا سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، رایگەیاند كە ئەو ئۆپەراسیۆنە هیچ پاساوێكی یاسایی نییە و تەنیا هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوەی ئاكەپەیە لە گرووپی (گولەن).