ئەردۆغان: تا من لە دەستەڵات بم، کاری باش لە پەیوەندییەکانی نێوان ئانکارا و تەلئەبیب نابینرێ

 ئەردۆغان: تا من لە دەستەڵات بم، کاری باش لە پەیوەندییەکانی نێوان ئانکارا و تەلئەبیب نابینرێ
سەرۆکوەزیرانی تورکیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان) لە بارەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و تورکیا رایگەیاند: "ئێستا بە ھۆی ئۆپەراسیۆن و ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لە نزمترین ئاستدایە و لەمەودوایش ناکرێ ھەڵوێستی تورکیا لە بەرامبەر دەوڵەتی ئیسرائیل کە تیرۆر پەیڕەو دەکا، ھەڵوێستێکی نەرم بێ."

(ئەردۆغان) کە هاوکات پاڵێوراوی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ سەرۆكایەتیی كۆماری وڵاتەكەی، گوتیشی: "ئیسرائیل پێشتر لە سنووری ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کردارێکی تیرۆریستی دیکەی ئەنجام دا و دوای ئەو رووداوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کەوتە نێوان ئیسرائیل و تورکیاوە، ئیسرائیل داوای لێبووردنی کرد و شاھێدی ئەمەیش سەرۆکی ئەمەریکا (باراک ئۆباما)-یە و لە بواری قەرەبووکردنەوەش ھەنگاوی باش نران، بەڵام لە بواری ھەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکاندا تا ئێستا ئیسرائیل ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە."

ئاژانسی ئانادۆڵو هاوکات لە زاری (ئەردۆغان)-ەوە گوازتوویەتییەوە: "ئەو ھەنگاوانەی ئەمڕۆی ئیسرائیل لە راستیدا مەسەلەی سێ منداڵ نییە، ئەمە ھەموویان دروون لە راستی، چونکە ئەوەی منداڵ دەکوژێ دەوڵەتی ئیسرائیلە، پێشتریش ئەمەم لە داڤوس ئاشکرا کرد، ئەو کاتەیش لە کەناراوییەکانی غەززەدا، فڕۆکەکانی ئیسرائیل منداڵی فەلەستینییان کوشتبوو."

(ئەردۆغان) گوتیشی: "ئێمە وەکو تورکیا ھەڵوێستمان لە بەرامبەر ئیسرائیل روون و ئاشکرایە، ئێمە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان سێ مەرجمان دەستنیشان کردبوو. بەڵام لەمەودوا، ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و تورکیا ئاسان نابێ."

لەکۆتاییدا سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتی: "ئێستا دەوڵەتی ئیسرائیل تیرۆر پەیڕەو دەکا و کۆمەڵکوژی دەکا و نایەوێ لە نێوان حەماس و فەتح لە فەلەستین دەوڵەتێکی یەکگرتووی نەتەوەیی دابمەزرێ و، ھەر چۆن نایەوێ ئەو حکوومەتە دابمەزرێ، ھەر بەو جۆرەیش پەرە بە ھێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی دەدا. لێرەدا ئیسرائیل کارێکی دیکەیش دەکا و لە چوارچێوەی دیدار و دانوستانەکانی لەگەڵ میسردا ھەوڵ بۆ پەراویزخستنی حەماس دەدا، لێرەدا لایەنی بەرامبەر حەماس، غەزە و فەلەستینە."

(ئەردۆغان) زیاتر گوتی: "ئەمشەو(شەوی ڕابرد) مەحموود عەباس لێرە دەبێ و دوای فتار پێکەوە کۆ دەبینەوە و بە بەرفراوانی باسی ئەو بارودۆخە دەکەین. بەڵام ئەو راستییەی کە دەبینرێ ئەوەیە، ئیسرائیل وڵاتێکە، ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتیی جیھانی و ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بە ھیچ شێوەیەک پشتگیری لە ئاشتی نەکردووە، تەنیا زوڵمی کردووە و بەردەوام دەبێ لەسەر زوڵمکردن. بۆیە ئێمە وەکو تورکیا بە تایبەتی تا ئەو کاتەی من لەسەر پۆست بم بە ھیچ شێوەیەک بیر لە شتی نوێ و بەرهەمهێنەر لەگەڵ ئیسرائیلدا ناکەینەوە."
Top