وادەی دانووستانی ناووکی ئێران و ١+٥ بۆ چوار مانگ درێژ کرایەوە

وادەی دانووستانی ناووکی ئێران و ١+٥ بۆ چوار مانگ درێژ کرایەوە
ئێران و گروپی وڵاتانی ١+٥ لەسەرئەوە پێک هاتن وادەی دانووسانەکانیان لە بارەی کێشەی ناووکیی ئێران و هەروەها گەرمارۆ ئابوورییەکانی رۆژئاوا دژ بە ئێران، بۆ ماوەی چوار مانگی دیکە درێژ بکرێتەوە.



هاوکات ئەمریکا رایگەیاند: نزیکەی سێ میلیار دۆلاری دیکە لە داراییەکانی ئێران کە لە بانکەکانی ئەمریکادا راگیراون، دەداتەوە بە ئێران و لە بەارنبەردا پێویستە ئێران لە خەستیی ئۆرانیۆمی ٢٠ لەسەدیی خۆی کەم بکاتەوە.



سەرچاوەیەکی ئەمریکایی لە ڤیەنا بە پەیامنێرانی راگەیاند: بڕیارە خولی داهاتووی دانووستانەکان لە مانگی داهاتوودا دەست پێبکات.



پێشترێ ئاخرین وادە بۆ دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی ١+٥ رۆژی هەینی رابردوو بێ گەیشتن بە دەستکەوێک کۆتایی پێهات و تەنیا لایەنەکان توانیان ماوەی دانووستانەکان بۆ چوار مانگی دیکە درێژ بکەنەوە.



مارک کراک، یەکێک لە سیناتۆرەکانی کۆماریخوازی کۆنگرێسی ئەمریکا لە تویتەری خۆیدا نووسیویەتی:" کاتی زیاتر بۆ دانووستانەکان، کات پێدانی زیاترە بۆ دروست کردنی بۆمبی ناوکی".



لە لایەکی دیکە دیانا فاینشتانین، سیناتۆری دیموکراتی کونگرێسی ئەمریکا هەر لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر دەڵێت، "من بە توندی لایەنگری درێژکردنەوەی ماوەی دانووستانی ناووکیم."



رۆژی هەینیی رابردوو، کاترین ئاشتۆن، نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئەوروپا کە سەرۆکی گروپی دانووستانکاری رۆژئاواشە، لە بەیاننامەیەکی هاوبەش لەگەڵ "محەممەد جواد زەریف"ی وەزیری درەوەی ئێراندا گوتی:" هێشتا ناکۆکیی قووڵ لە نێوان دوو لایەندا هەیە و هەر بەم هۆیەش پێویستمان بە کات و هەوڵدانی زیاترە".
Top