"فڕۆكه‌كانی مالیكی ئێرانین نه‌ك ڕووسی"

شاره‌زایانی بواری فڕۆكه‌وانی وێنه‌ و گرته‌ ڤیدیۆییه‌كانی ئه‌و فڕۆكانه‌یان شیكرده‌وه‌ گوایه‌ له‌ ڕووسیاوه‌ به‌ده‌ستی عێراق گه‌یشتوون، به‌ڵام بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و فڕۆكانه‌ سه‌رچاوه‌كانیان ئێرانه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاندبوو كه‌ فڕۆكه‌كانی له‌ ڕووسیا كڕیوه‌.

شایه‌نی باسه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ڕایگه‌یاند كه‌ فڕۆكه‌كانی له‌جۆری سیخۆ به‌ ئاسمانی به‌غدادا فڕیون، به‌ر له‌وه‌ش ئاشكرایانكرد كه‌ ئه‌و فڕۆكانه‌ كه‌ ژماره‌یان 5 دانه‌یه‌ له‌ ڕوسیایان كڕیون له‌ پێناو په‌ره‌دان به‌ هێزی ئاسمانی عێراق.
جێی باسه‌ ئه‌و فڕۆكانه‌ كه‌ له‌جۆری (SU-25)ن ماوه‌ی بیست و پێنج ساڵ به‌سه‌ر به‌كارهێنانیاندا تێپه‌ڕبووه‌، ته‌نانه‌ت به‌شێك بوون له‌ هێزی ئاسمانی عێراق له‌سه‌رده‌می ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دامدا.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌ گوایه‌ چه‌ك و هێزی ناردبێته‌ عێراق له‌پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و پاراستنی مه‌زارگه‌ شیعیه‌كان، به‌ڵام وه‌ك له‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كدا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و فڕۆكانه‌ ئاڵای ئێران و دروشمی "پاسه‌وانی شۆڕشی" ئێرانی پێوه‌یه‌.

هاوكات زۆرێك له‌ چاودێران باوه‌رشیان وایه‌ كه‌ ئه‌و فڕۆكانه‌ هه‌مان ئه‌وانه‌ بن كه‌ سه‌دام حسێنی سه‌رۆكی پێشووی عێراق ڕاده‌ستی ئێرانی كردن له‌ ترسی بۆردومانكردن و تێكشكاندنیان له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مریكاوه‌ له‌ جه‌نگی كه‌نداوی یه‌كه‌مدا، به‌ڵام دواتر ئێران ئاماده‌نه‌بوو ئه‌و فڕۆكانه‌ بۆ سه‌دام بگێڕێته‌وه‌ به‌بیانووی قه‌ره‌بووی جه‌نگی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ و فڕۆكه‌كانی بۆ خۆی هه‌ڵگرت.







خەندان
Top