جۆن كیری: لێدانی عێراق یەكەم هەڵەی ئەمریكا بوو

 جۆن كیری: لێدانی عێراق یەكەم هەڵەی ئەمریكا بوو
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دان بەوەدا دەنێت كە "یەكەم هەڵەی ئەمریكا لێدانی عێراق بووە لە ساڵی 2003". بە گوتەی ئەو، لە دوای لێدانی عێراق هەوری رەش ئاسمانی ئەو وڵاتەی تەنیوە.

دوای ئەوەی لە رۆژی 23/06/2014 جۆن كیری گەیشتە بەغدا و بۆ رۆژی دواتر سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، ئامانج لە سەردانەكەی كیری بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی و رێگەچارەی دیبلۆماسی بوو بۆ ئەو رەوشەی لە عێراق هاتووەتە ئاراوە، بەڵام دوای ئەوەی وڵامی خوازراوی لە سەركردەكانی عێراق وەرنەگرت، گوتی؛ "لێدانی عێراق هەڵەیەكی نائومێدكەر بوو".

لە لێدوانێكیدا بۆ تەلەفزیۆنی ناوەندی چینی CCTV ، جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، گوتی، "ئەمریكا هێشتا رووبەڕووی دەرەنجامەكانی شەڕی عێراق دەبێتەوە، تاوەكو ئەمڕۆش ئەمریكا ناچارە رووبەڕووی ئەو كێشانە ببێتەوە كە لە ئەنجامی ئەو شەڕەوە هاتوونەتە ئاراوە".

كیری جەخت لەوە دەكاتەوە، "لەو رۆژەوەی بڕیاری لێدانی عێراق دراوە هەوری رەش ئاسمانی ئەو وڵاتەی تەنیوەتەوە، ئێستا ئێمە زۆر بەچڕی كار دەكەین، بڕیاری ئۆباما بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق هەر لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا بوو".

كیری پێكهێنانی حكومەتێكی هاوبەش لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق بە شیاو دەزانێت و دەڵێ "پێویستە حكومەتێك پێكبێ كە هەموو پێكهاتەكانی عێراق لەخۆ بگرێت و حكومەتێك بێت هەموو گەلانی عێراق لەیەكدی نزیك بكاتەوە".

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەوەش دەخاتەڕوو، "پشێوی عێراق ماوەیەكی درێژە بەردەوامە، دەستبەسەرداگرتنی موسڵ لە 10 ی حوزەیرانی 2014 رەوشەكەی زیاتر تێكدا، لە لێدانی عێراقەوە لە ئاداری 2003 تاوەكو ئێستا زیاتر لە 135 هەزار سڤیل لە عێراق كوژراون، كۆی گشتی كوژراوە تەخمینكراوەكانیش 186 هەزار كەس زیاترە".








رووداو
Top