كۆشكی سپی: دابه‌شبوونی عیراق ئه‌سته‌م نییه‌

كۆشكی سپی: دابه‌شبوونی عیراق ئه‌سته‌م نییه‌
كۆشكی سپی، رایده‌گه‌یه‌نێت، دابه‌شبوونی عیراق بۆ سه‌ر سێ هه‌رێمی شیعه‌و سوننه‌و كورد، كارێكی ئه‌سته‌م نییه‌، ده‌شڵێت، دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ بۆ كێشه‌ ناوخۆییه‌كان ده‌بێت له‌ لایه‌ن عیراقییه‌كان خۆیانه‌وه‌ بێت.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژناوانیدا، جۆش ئێرنێست، وته‌بێژی كۆشكی سپی باسی له‌ ئه‌گه‌ری دابه‌شبوونی عیراقی كرد بۆ سه‌ر سێ هه‌رێمی شیعه‌و سوننه‌و كورد و پێی وابوو كارێكی ئه‌سته‌م نییه‌ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت.

ئێرنێست پێی وایه‌ كه‌ رێكخستنی نه‌خشه‌ی سیاسی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌ركێكه‌ له‌ ئه‌ستۆی سه‌ركرده‌كانیه‌تی رایگه‌یاند: "من له‌و پۆسته‌دا نیم كه‌ پڕۆژه‌ بۆ چاكسازی له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی عیراق بخه‌مه‌ به‌رده‌ست".

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: راسته‌وخۆترین رێگه‌چاره‌ بۆ ئه‌و كێشانه‌ی به‌هۆی گروپی داعش-ه‌وه‌ هاتونه‌ته‌وه‌ ئاراوه‌ بریتییه‌ له‌ یه‌كخستنی سه‌ركردایه‌تی و ئایدۆلوژی سیاسیی عیراقییه‌كان.

له‌ باره‌ی مانشێتێكی گۆڤاری (تایم)ه‌ وه‌ كه‌ باسی له‌ دابه‌شبوونی عیراق ده‌كات رایگه‌یاند: "بیرۆكه‌ی دابه‌شبوونی عیراق نوێ نییه‌، به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ بۆ كێشه‌ ناوخۆییه‌كان ده‌بێت له‌ لایه‌ن عیراقییه‌كان خۆیانه‌وه‌ بێت".

له‌ئێستادا زۆرێك له‌ پارێزگا سوننه‌كان له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شامه‌وه‌ كۆنتڕۆڵ كراون و تا راده‌یه‌ك عیراق بۆ سێ هه‌رێم دابه‌ش بووه‌.

له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ماردین عوزێری

سه‌رچاوه‌: TIME


خه‌ندان ـ
Top