ئەردۆغان و بایدن داوای دامەزراندنی حكوومەتی تەوافوقی لە عێراقدا دەكەن

 ئەردۆغان و بایدن داوای دامەزراندنی حكوومەتی تەوافوقی لە عێراقدا دەكەن
جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆكوەزیرانی توركیا، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا باسی رەوشی عێراقیان كرد و داوای دامەزراندنی بەپەلەی حكوومەتی تەوافوقی و بنكەفراوانیان بۆ عێراق كرد.

سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا بڵاوی كردەوە، دوێنێ شەو هەر یەك لە سەرۆكوەزیرانی توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا جۆو بایدن، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا باسی رەوشی عێراق و بارودۆخی ئەو وڵاتەیان كردووە.

بەپێ ئەو راگەیەندراوەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا، هەر یەك لە ئەردۆغان و بایدن داوایان لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق و لایەنی براوەكانی هەڵبژاردن كردووە كە بە پەلە هەوڵ بۆ دامەزراندنی حكوومەتێكی بنكەفراوانی تەوافوقی بدەن و دەبێت لە نێو ئەو حكوومەتەدا هەموو پێكهاتە سیاسی، ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق نوێنەریان هەبێت و كەس پەراوێز نەخرێت.

هەر دوولا جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە دەبێ بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی و پاراستنی سەروەریی خاك و یەكپارچەیی عێراق و رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستان، هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەست بخەنە دەستی یەكتر و پێكەوە هەوڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرقەراركردنی ئاشتی لە عێراقدا بدەن.
Top