حكوومەتی توركیا گرژییەکانی لیجە بە پەکخستنی قۆناخی چارەسەری و پەكەكەیش دەڵێت بێهەڵوێست نابن

 حكوومەتی توركیا گرژییەکانی لیجە بە پەکخستنی قۆناخی چارەسەری و پەكەكەیش دەڵێت بێهەڵوێست نابن
بە هۆی كوژرانی دوو هاووڵاتیی مەدەنی لە ناوچەی لیجەی سەر بە دیاربەكر، ئاڵۆزی و گرژی، ناوچەكەی گرتووەتەوە.

لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەكانی خەڵكی ناوچەی لیجە بۆ ئیدانەكردنی دامەزراندنی بنكەی نوێی سەربازی لە ناوچەكەدا، دوێنێ شەڕ و پێكدادان لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە سەربازییەكاندا هاتە ئاراوە و بە هۆی ئەو شەڕ و پێكدادانانەوە دوو هاووڵاتیی مەدەنی بە گولـلەی هێزە سەربازییەكانی توركیا كوژران.

رۆژی یەكشەممە لە كاتی بەخاكسپاردنی ئەو دوو هاووڵاتییەدا لە زۆربەی زۆری شارە كوردییەكانی توركیا و چەندین شاری رۆژئاوای توركیایش خۆپێشاندانی جەماوەری ئەنجام درا و پۆلیسیش هێرشی کردە سەر خۆپێشاندەران.

هەر تایبەت بە خۆپێشاندانەكای لیجە پەكەكە هەڕەشەی ئەوە دەكات كە هیچ جۆرە هێرشێك بەبێ وەڵام ناهێڵێتەوە و داوا لە خەڵك دەكات پەرە بە خۆپێشاندانەكانی دژی سیاسەتەكانی حكوومەتی توركیا و كوشتنی خەڵكی مەدەنی بدات. لە بەرامبەریشدا حكوومەتی توركیا دەڵێت، هەوڵدان و گرژییەكانی لیجە بۆ تێكدانی قۆناخی چارەسەرین، بۆیە پێویستە خەڵك هەوڵ بۆ پشتگیریكردن لە قۆناخی چارەسەری هەوڵ بۆ هێوەركردنەوەی بارودۆخەكە بدات.
Top