سیسی، یەکشەممەی داهاتوو سوێند دەدرێت

 سیسی، یەکشەممەی داهاتوو سوێند دەدرێت
دادگای باڵای دەستووریی میسر ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، سەرۆکی هەڵبژێردراو، عەبدولفەتاح ئەلسیسی، سەعات 10.30 خولەکی یەکشەممەی داهاتوو، لەبەردەم ئەندامانی دەستەی ڕاوێژکاریی دادگای دەستووری، سوێندی یاسایی دەخوات.

جێگری دادگای باڵای دەستووری و گوتەبێژی دادگاکە، ماهیر سامی ڕایگەیاند کە، لە نێو هۆڵە گەورەکەی دادگای دەستووری مەراسیمی سوێندخواردنەکە بەڕێوە دەبرێت و، تێیدا سەرۆکی کاتی، عەلی مەنسووریش ئامادە دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی مێدیاکانی میسریش ئەندامانی حکوومەت و شێخی ئەزهەر، ئەحمەد تەییب و پاپای ئەسکەندەرییە، پاپا توازرۆسی دووەمیش، لە مەراسیمەکەدا ئامادە دەبن.

دوێنێ سێشەممە، سەرۆکی هەڵبژێردراوی میسر، سیسی بەڵێنی دا کە کار دەکات لەپێناو بەئامانجگەیاندنی ژیانێکی سەربرزانە و ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ میسرییەکان.

داوایشی لە میسرییەکان کرد پێکەوە کار بکەن بۆ داهاتوویەکی ڕۆشنتر و باشتر، ئاماژەیشی دا کە میسر بەرەوڕووی مەترسیی دەبێتەوە، بەڵام بێئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە مەترسییەکان چێن و لە کوێوەن.

پێشتر لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی میسر، سەرکەوتنی سیسی بە ڕێژەی 96.91%، کە دەکاتە بەدەستهێنانی 23 ملیۆن و 780هەزار دەنگ ڕاگەیاند.
Top