سعودیە لە هەرێمی كوردستان نیگەرانە
عوزێر حافز، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف وكاروباری ئاینی لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا كە لە سعودیەوە بڵاویكردووەتەوە رایگەیاند "لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ جێگری وەزیری حەجی سعودیە تاوتوێی رەوشی تەندروستی عەمرەكارانمان كرد و باسی ئەو دەنگۆیانەشمان كرد كە باس لە تێكچوونی رەوشی عەمرەكاران لە سعودیە دەكەن و جێگری وەزیری حەج نیگەرانی وڵاتەكەی خستە بەردەستمان بە رێگرتنی عەمرەكارانی هەرێمی كوردستان بە بیانووی ناجێگری رەوشی تەندروستی لە وڵاتی سعودیە".
رۆژی 29-5-2014 مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی هەستیاربوونی رەوشەكە و مەترسی جیدی بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتیان، رازی نەبوو بەوەی ئەمساڵ عەمرە بكرێت و لە كۆبوونەوەی رۆژی 28-5-2014 لە نێوان وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی تەندروستی، بڕیاری راگرتنی عومرەی ئەمساڵ بەیەكجاری درا.
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف وكاروباری ئاینی ئاماژەی بەوەشكرد "لە لایەن كاربەدەستانی وەزارەتی حەجی سعودیەوە ئاگادار كراوینەتەوە تەنها هەرێمی كوردستان رێگری دەكات لە عەمرەكاران كە زیارەتی سعودیە بكەن".
عوزێر حافز ئامانجی سەردانی ئەو شاندە بۆ سعودییە خستەڕوو و گوتی" گرتنی شوێنی مانەوەی حاجیان وهەوڵدان بۆ دابینكردنی زۆرترین خزمەتگوزاری بۆ ئەو هاووڵاتیانەی بۆ ساڵی داهاتوو بە مەبەستی بە جێهێنانی فەریزەی حەج دەچنە عەرەبستانی سعودیە، ئامانجی سەردانەكەمانە بۆ ئەو وڵاتە."
هەروەها گوتی"هەوڵێكی زۆرمانداوە شوێنی مانەوەی حاجیانی هەرێمی كوردستان لە نزیك حەرەمی مەككە و مەدینە دابین بكەین بۆ ئەوەی هاتووچۆی حاجیانی هەرێمی كوردستان ئاسان بێت ئەگەر كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان رێگری نەكەن لە حاجیانمان".
رووداو