بەریتانیا: كوردێك دەستدرێژی دەكاتە سەر كچێك و سەریشی دەبڕێ
رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی بڵاویكردەوە، لە یەكێك لە دادگاكانی بەریتانیا كوڕێكی كوردی عێراقی بەناوی (ئاراس حوسێن)، كە تەمەنی 21 ساڵە، بە تۆمەتی سەربڕینی كچە هاوڕێكەی، بە ناوی (ریما رەمەزان) كە تەمەنی 18 ساڵ بووە لەكاتی كوشتنیدا، دادگایی كرا.
بەگوێرەی دادگا، ئەو كوڕە وێنەی ئابڕووبەرانەی ریما-ی كەپڵی گرتووە و دواتر هەڕەشەی لێكردووە و گوتوویەتی ئەگەر لێی جیاببێتەوە وێنەكان نیشانی خێزانەكەی دەدات، كە خێزانێكی مسوڵمانن.
دادگا راشیگەیاندووە دوای ئەوەی ئاراس بە زۆر دەستدرێژی دەكاتە سەر ئەو كچە، رۆژێكیان بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی بزانرێ بە چەقۆیەكی گەورە سەری كچەكە لێدەكاتەوەو ئینجا چەقۆیەكیش لە سنگی خۆی دەدات. یەكێك لە هاوسێكانیشی بینیویەتی كە بە رووتی و بەلەشی خۆێناوییەوە لە شوقەكەی هاتووەتە دەرەوە.
لەكاتێكدا ئاراس نكوڵی لە هەموو ئەو تاوانانە دەكات، كە رووبەڕووی كراونەتەوە، بەڵام گراهام ریدز-ی داواكاری گشتی جەختدەكاتەوە ئاراس دوای رووداوەكە لە دەرەوەی شوقەكەی بە رووتی بینراوە. دەشڵێ "لە كاتێكیشدا پیاوانی فریاكەوتن گەیشتوونەتە لای گوتوویەتی نازانم بۆچی ئەم كارەم كرد".
هەروەها بە پێی وتەكانی داواكاری گشتی، ئاراس لە قسەكانی بەردەوام بووە و گوتوویەتی "ئەو كچە منی خۆشدەویست نازانم بۆچی دەستدرێژی سێكسیم كردە سەری، من كارێكی هەڵەم كردووە و دەبێت لەسەری سزابدرێم". بە تیمی ئەو نەخۆشخانەیەشی گوتووە كە بۆی بردراوە " ئێوە بۆچی یارمەتی من دەدەن؟ من كەسێكم كوشتووە".
ریما لە رۆژی كوژرانەكەیدا پاسپۆرت و بڕێكی زۆر پارەی بردووە و چووەتە شوقەكەی ئاراس، بەڵام تاوەكو ئێستا نازانرێت ئەو پارەیەی بۆچی بردووە.
رووداو