"بەگۆڕینی فۆنتی نووسین ئەمریكا دەتوانێ ساڵانە 400 ملیۆن دۆلار پاشەكەوت بكات"

خوێندكارێكی تەمەن 14 ساڵ رێگایەكی بۆ حكومەتی ئەمریكا داناوە بۆ ئەوەی ساڵانە خەرجییەكەیان بە بڕی 400 ملیۆن دۆلار كەمبكەنەوە، ئەویش تەنیا لە رێگەی گۆڕینی فۆنتی نو‌وسینیان.

سوڤیر میرچەندی، لە رێگای بەكارهێنانی فۆنتێكەوە كە كاڵترە ‌و ئەو رێژە مەرەكەبەی كە لە كاتی پرێنتكردنی نو‌وسینەكەدا بەكاردێت كەمە توانیویەتی رێژەی 25% ی مەرەكەبی كەمتر لە كاتی پرێنتكردن بەكاربهێنێت.

ئەو كوڕە كاتێك خەریكی لێكۆڵینەوە بووە بۆ یەكێك لە وانەكانی خوێندنگەكەی بیری لەوە كردووەتەوە، كە لە زۆر شوێندا بۆ رزگاركردنی سر‌و‌وشت و كەمكردنەوەی خەرجی بیر لە كەمكردنەوەی پەڕە یان گۆڕینی ئەو مادانەی پەڕەكەیان لێ دروستدەكرێت كراوەتەوە، بەڵام مەرەكەب، كە گرانتریشە بەبەراورد لەگەڵ پەڕە، بیری لێنەكراوەتەوە.

دوای ئەوە سوڤیر لێكۆڵینەوەی دیكەی كردووە لەسەر ئەوەی خوێندنگاكەی دەتوانێت چەند پارە پاشەكەوت بكات لە گۆڕینی فۆنتەكان، دواتریش لێكۆڵینەوەكەی گەورەتر كردووە بەجۆرێك هەموو ئەمریكا بگرێتەوە.

ساڵانە كارمەندە حكومییەكانی ئەمریكا بە بڕی 1.8 ملیار دۆلار مەرەكەب بەكاردەهێنن، بەڵام ئەگەر پێشنیازەكەی سوڤیر جێبەجێبكەن و فۆنتی Times New Roman ، كە لە لایەن زۆربەیان بەكاردێت بگۆڕن بۆ فۆنتی Garamond ئەوا ساڵانە ئەمریكا پاشەكەوتی 400 ملیۆن دۆلار دەكات.

سوڤیر لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی CNN دەڵێت: "هیواخوازم لێكۆڵینەوەكەم ببێتە هۆی كەمكردنەوەی خەرجی لە وڵاتەكەم و لە جیهانیش"










رووداو
Top