كیری و لاڤرۆڤ لە پاریس كۆدەبنەوە

 كیری و لاڤرۆڤ لە پاریس كۆدەبنەوە
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە پاریس سەبارەت بە قەیرانی ئۆكراینا كۆببێتەوە.

پێشتر باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەسەر ئەو دانیشتنە رێككەوتن وەك هەنگاوێك بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی دیپلۆماسی سەبارەت بە دۆخی ئۆكراینا.

جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەشتی گەڕانەوەی بۆ ئەمریكا دواخست و بڕیاریدا لە ئەوروپا بمێنێتەوە و لە پاریس لەگەڵ هاوتا رووسییەكەی سێرگی لاڤرۆڤ كۆببێتەوە.

كیری كە لە ریازی پایتەختی سعودیەوە بەرەو ئیرلەندا بەڕێكەوتبوو بۆ ئەوەی لەوێوە بگەڕێتەوە ئەمریكا، بەڵام بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەو گفوتگۆیە لەگەڵ لاڤرۆڤ، گەشتەكەی بەرەو پاریس گۆڕی.

جین ساكی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە لێدوانێكیدا ئاماژەی بەوە كرد، كە كیری گەیشتووەتە پاریس و ئێوارەی یەكشەممە لەگەڵ لاڤرۆڤ دەست بە دانوستاندن دەكەن.









رووداو
Top