سێ پاسەوانی نهێنی ئۆباما رەوانەی ماڵەوە كرانەوە

 سێ پاسەوانی نهێنی ئۆباما رەوانەی ماڵەوە كرانەوە
سێ كەس لە پاسەوانانی نهێنی سەرۆكی ئەمریكا، كە دەبوایە پاسەوانی و چاودێری باری ئەمنی سەرۆكی ئەمریكا بكەن، كاتێك ئۆباما دەگەیشتە ئەمستردام، نێردارنەوە ماڵەوە، بەهۆی ئەوەی هەرسێكیان سەرخۆشبوون و بەهۆی سەرخۆشییەوە تەنانەت یەكێكیان بورابووشەوە.

بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، كە لە زاری سێ گەواهیدەرەوە بڵاوی كردووەتەوە، "سێ لە پاسەوانانی تایبەتی سەر بەتیمی CAT ی تایبەت بە پاراستنی ئۆباما، زۆر سەرخۆشبوون، بەڕادەیەك یەكێكیان پێش ئەوەی ئۆباما بگات لە راڕەوی هۆتێلەكە بووراوەتەوە".

ئێد دۆنڤۆن، گوتەبێژی پاسەوانانی نهێنی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا، هەواڵەكەی پشتراستكردەوە و گوتی "هەواڵەكە راستە، ئێمەش بە مەبەستی دادگاییكردن سێ لە پاسەوانانمان ناردوونەتەوە و دواتر لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت".

پاسەوانانی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بەپێی یاسا دەبێت پێش 10 كاژێر لە دەستپێكردنی دەوامیان، مادەی كحولی بەكارنەهێنن بۆ ئەوەی لە كاتی كاركرنیان بەتەواوەتی هۆشیان لای خۆیانبێت.

ئەمە جاری یەكەم نییە، كە پاسەوانانی نهێنی ئۆباما رووبەڕووی رووداوی لەم شێوەیە ببنەوە، بەڵكو لە مانگی نیسانی ساڵی 2012 چەند كارمەندێكی دیكەی پاسەوانانی نهێنی ئۆباما لە شاری كارتاجینا لە كۆڵۆمبیا سەرخۆشبوون و چەند ژنێكیان لەگەڵ خۆیان بردبووەوە ئەو هۆتێلەی، كە دەبوایە ئۆباما لێی بمێنێتەوە، لە ئەنجامیشدا بۆ ئەوەی ئەمە دووبارە نەبێتەوە، 10 كارمەندەکە لەسەر كارەكەیان لادرابوون و بەڕێوەبەری ئەو كاتەی پاسەوانانی نهێنی داوای لێبوردنی كردبوو و دوای 30 ساڵ لە خزمەت بەهۆی ئەم كارەوە، دەستی لەكاركێشایەوە.










رووداو
Top