جەربا داوای كورسی و باڵیۆزخانەكانی حكومەتی سووریا دەكات
ئەحمەد جەربا لە لوتكەی وڵاتانی عەرەبی كە ئەمڕۆ سێشەممە لە كوەیت دەستی بەكارەكانی كرد، دوایین پێشهاتەكانی سووریای خستە بەرباس و داوای لە وڵاتانی عەربی كرد پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بكەن و فشاربخەنە سەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی چەكی پێشكەوتوو بدەنە شەڕوانانی ئۆپۆزیسیۆن.
هاوكات داوایكردن هاوكاری مرۆیی لەناوەوە و دەرەوەی سووریا بۆ سوورییەكان زیاتر بكەن و رەوشی پەنابەرانی سووریا باشتر بكەن، بەتایبەت لە ئوردون، عێڕاق و لوبنان.
لەبارەی كورسی سووریا لە كۆمكاری عەرەبی كە ئێستا بە بەتاڵی ماوەتەوە، جەربا گوتی "كاتێك كورسی كۆمكاری سووریا لە كۆمكاری عەرەبی بەتاڵ دەبێت، ئەوكاتە نامەیەكی ئاشكرایە بۆ ئەسەد بۆ ئەوەی بەردەوامی بە كوشتارییەكانی بدات و پێیدەڵێن كورسی چاوەڕوانی تۆیە، دوای ئەوەی شەڕت یەكلایی كردەوە".
هەروەها بە پێویستیشی زانی كونسوڵخانەكانی سووریا لە وڵاتانی عەربی رادەستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بكرێن، بە گوتەی خۆی، بۆ ئەوەی بەرژوەندی هاووڵاتیانی سووریا پارێزراو بێت.
جەربا جەختیشیكردەوە، كە هاوپەیمانی نیشتیمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای ئازادی سووریا هاووڵاتیانی سووریا لە ناوەوە و دەرەوەی ئەو وڵاتە دەپارێزێن.
رووداو