له‌ سوریا بۆردومان و شه‌رو پێكدادان به‌رده‌وامه‌

 له‌ سوریا بۆردومان و شه‌رو پێكدادان به‌رده‌وامه‌
له‌ شار و شارۆچكه‌كانی سوریا بۆردومان و شه‌ڕ و پێكدادان به‌رده‌وامه‌ و له‌ لوتكه‌ی عه‌ره‌بی دا كه‌ له‌ كوێت سازده‌كرێت گرنگترین بابه‌ت قه‌یرانی سوریا ده‌بێت.

شه‌ڕو پێكدادانه‌كان له‌ نێوان هێزه‌كانی رژێمی سوریا و چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وامی هه‌یه‌ . به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی به‌ هاوكاری هێزه‌كانی به‌رگری نیشتیمانی له‌ ده‌وروبه‌ری شاری لازقییه‌وه‌ دوو كه‌سیان ده‌ستگیركردووه‌ به‌وه‌ی هه‌وڵیان داوه‌ له‌ خاڵێكی سه‌ربازی نزیك ببنه‌وه‌ .

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هێزه‌كانی رژێم به‌رده‌وامن له‌ بۆردومانه‌كانیان به‌تایبه‌تی بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی كه‌سب و سه‌مرا دوای ئه‌وه‌ی هیچزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ئه‌م ناوچانه‌یان كۆنترۆڵ كرد به‌پێی گوته‌ی چالاكوانان سه‌رچاوه‌ی بۆردومانكردنه‌كه‌ له‌ ناو ئه‌و به‌له‌مانه‌ی ئاوی لازقییه‌وه‌یه‌ .

هه‌روه‌ها به‌پێی لێژنه‌كانی هه‌ماهه‌نگی سوریا دوێنێ ده‌نگی چه‌ندین ته‌قینه‌وه‌ له‌ نزیك ده‌روازه‌ی بابولهه‌وا و شاری ره‌یحانییه‌ی نزیك سنووری نێوان سوریا و توركیا بیستراوه‌ .

له‌ دیمه‌شق شه‌رو پێكدادان له‌ نێوان هێزه‌كانی رژێم و هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ ناوچه‌ی جۆبر و گۆره‌پانی عه‌باسی روویانداوه‌ . هه‌ر له‌ دیمه‌شق به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێك له‌ گۆره‌پانی هودا له‌ گه‌ره‌كی مه‌ززه‌ بریندار بوونی نۆ كه‌سی لێكه‌وتۆته‌وه‌ .

له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ و بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ كاره‌كانی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی 25ه‌م له‌ وڵاتی كوێت ده‌ستپێبكات و مه‌سه‌له‌ی سوریا له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو بابه‌ته‌كان بێت كه‌ ماوه‌ی چوار ساڵه‌ له‌ سوریا شه‌رو پێكدادان و كرده‌وه‌ توندو تیژییه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و تا ئێستاش چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ ، هه‌رچه‌ند زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی دانیان به‌ ئیئتیلافی نیشتیمانی ناوه‌ به‌ڵام كورسی سوریا له‌ لوتكه‌كه‌ هه‌روا ماوه‌ته‌وه‌ و وا پێ ناچێت كه‌س به‌شداری لوتكه‌كه‌ بكات .

نه‌بیل عه‌ره‌بی ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی سه‌باره‌ت به‌ مانه‌وه‌ی كورسی سوریا به‌م شێوه‌یه‌ بۆ ته‌واو نه‌كردنی رێو شوێنی هه‌نگاوه‌كان له‌لایه‌ن ئیئتیلافی نیشتیمانی گه‌رانده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كورسییان له‌ لوتكه‌كه‌دا هه‌بێت گه‌رانده‌وه‌ ، هه‌ر چه‌ند ساڵی رابردوو ئیئتیلافی نیشتیمانی به‌شداری لوتكه‌ی ده‌وحه‌ی كرد و به‌ نوێنه‌ری شه‌رعی گه‌لی سوریا له‌ قه‌له‌م درا .

دوای ئه‌وه‌ی له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2011 كۆمكاری عه‌ره‌بی ئه‌ندامیه‌تی سوریای هه‌ڵپه‌سارد . لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له‌ كوێت تیایدا سێزده‌ سه‌رۆك وڵات به‌شداری تیا ده‌كات هه‌شت سه‌رۆك وڵات ئاماده‌ نابن به‌ڵام نوێنه‌ریان ئاماده‌ ده‌بن .

شا عه‌بدولڵا بن عه‌بدولعه‌زیز شای سعودیه‌ و شێخ خه‌لیفه‌ بن زاید ئال نه‌هیان سه‌رۆكی وڵاتی ئیمارات و عه‌بدولعه‌زیز بوته‌فلیقه‌ سه‌رۆكی جه‌زائیر و شا حه‌مه‌ بن عیسی سه‌رۆكی به‌حرین و جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق و شا محه‌مه‌دی شه‌شه‌م سه‌رۆكی شانشینی مه‌غریب و قابوس بن حه‌مه‌د سه‌رۆكی سه‌ڵته‌نه‌ی عومان ، ئه‌م سه‌رۆكانه‌ ئاماده‌ی لوتكه‌كه‌ نابن و نوێنه‌ری خۆیان بۆ لوتكه‌كه‌ ره‌وانه‌ كردووه‌ .

له‌ رۆژانی رابردووشدا له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئاماده‌كاری بریاردراوه‌ كه‌ لوتكه‌ی داهاتوو له‌ قاهیره‌ ببه‌سترێت و رۆڵی میسر له‌ نێو وڵاتانی عه‌ره‌بی وه‌كو جاران بگه‌رێته‌وه‌ .
Top