سوپاسالاری توركیا هۆكاری خستنەخوارەی فڕۆكە سوورییەكە ئاشكرادەكات
سوپاسالاری توركیا لەبارەی هۆكاری خستنی فڕۆكە سوورییەكە لەلایەن هێزە چەكدارەكانی توركیاوە رایدەگەیەنێت، دوو فڕۆكەی جەنگی سووری (MIG-23) دوای ئەوەی لە سنوور نزیكبوونەوە، چوار جار هۆشداری سنووربەزاندیان پێدراوە، بەڵام دوای ئەوەی رووبەری ئاسمانی توركیای بەزاند بەرۆكێت پێكراوە و لەسەر خاكی سووریا كەوتووەتە خوارەوە".
لە راگەیاندنێكی سوپاسالاری توركیادا هاتووە "یەكێك لە دوو فڕۆكەی جۆری MIG-23 سووریا نزیكەی كیلۆمەترێك رووبەری ئاسمانی توركیای بەزاند، دواتر چەند فڕۆكەیەكی F-16 ی توركیا لە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ بەرەنگاربوونەوە بە مووشەك فڕۆكە سوورییەكەیان پێكا و لە 1200 مەتر لەسەر خاكی سوورتا كەوتەخوارەوە".
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، رووداوەكە لە 23/03/2014 كاژێر 13:01 بەكاتی توركیا روویداوە، كە لەلایەن ناوەندی كۆنتڕۆڵی زانیاری دیاربەكر لە دوورایی 80 میلی دەریاییەوە چاودێری كراوە، دوای ئەوەی 10 میلی دەریایی لە سنوور نزیكدەبێتەوە چوار جار هۆشداری بەزاندنی سنووری پێدراوە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریاش روونكردنەوەیەكی لەبارەی خستنی فڕۆكە سوورییەكەوە بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە " پێویستە حكومەتی توركیا كۆتایی بەو هێرشانەی بهێنێت و كۆتاییش بەو پشتیوانی و دوژمنایەتییەی توركیا بۆ تیرۆریستەكان بهێنرێ".
رووداو