وەزیری بەرگری ئیسرائیل: دەبێت پشت بە ئەمریکا نەبەستین

 وەزیری بەرگری ئیسرائیل: دەبێت پشت بە ئەمریکا نەبەستین
وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت: "ئەمریكا نەیتوانییوە وەك پێویست رێبەرایەتی شەڕ لە دژی ئێران بكات و بەپێچەوانەی رابردووەوە ئیسرائیل دەبێت تاكلایەنانە بە دژی ئێران هەڵسێتەوە، دەبێت بە شێوەیەك كردار بكەین، كە هیچ كەسێك جگە لە خۆمان، پارێزگاری لە ئێمە ناکات".

موشێ یەعالوون، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشكرد، كە سەردەمێك وەها بیرمان دەكردەوە، كە وڵاتێك رێبەرایەتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئێران دەكات، کە ئەمریكایە، بەڵام ئەمریكییەكان كەوتنە دانووستاندن لەگەڵ ئێران و بەداخەوە ئێرانییەكان لە دانووستاندنەكان باشتر هەڵسوكەوتیان كردووە.

بە پێی هەواڵی رۆژنامەی هائارتسی ئیسرائیل، یەعالوون بەرلە هاتنە ناو كابینەی حكومەتی ئیسرائیل، لە رەخنەگرانی هەنگاوی تاكلایەنەی سەربازی لەدژی ئێران بووە و تەنانەت قسەی تووند لە نێوان ئەو و ئەیهوود باراك، وەزیری بەرگری ئەو كاتەی ئیسرائیل، ئەنجامدراوە.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بە گەمارۆكانی سەر ئێران كرد و گوتی:"گەمارۆ و پەراوێزخستنی ئێران لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چۆكی بە ئێران دادابوو، بەڵام ئەو وڵاتە بە زیرەكی و بە هێرشی پێكەنین، توانی خۆی لەو بارودۆخە دەرباز بكات."

دوای دەستبەكاربوونی حەسەن رۆحانی، وەك سەرۆكی نوێی ئێران، دانووستاندنەكان لەسەر بەرنامەی ناوەكی ئێران لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكانی رۆژئاوا بە شێوەیەكی جیدی بەردەوامە و تەنانەت كار گەییشتە رێككەوتن لە نێوان هەردوولا و بووە هۆكاری ئەوەی هەندێك لە گەمارۆكانی سەر ئێران هەڵبوەشێنەوە.









رووداو
Top