بولەند ئارنج: ترسمان لە دووبارەبوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی هەیە

 بولەند ئارنج: ترسمان لە دووبارەبوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی هەیە
پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتیی توركیا لە سەر داوای خەڵكی توركیا دەستی پێكردووە و تا ئێستا بە باشی بەڕێوە چووە و ئەنجامی باشی هەبووە.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی حاكیمیەت بڵاوی كردەوە كە جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا، بولەند ئارنج، رایگەیاندووە كە توركیا وڵاتێكە كە 30 تا 35 ساڵ شەڕی تیرۆری كردووە و لە ماوەی ئەو ساڵانەدا یاسایەك هەبووە بە ناوی یاسای دژە تیرۆر و كار بەو یاسایە كراوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری و نەمانی توندوتیژیی كاركردن بە یاسای دژەتیرۆریش راگیراوە.

بولەند ئارنج ئاماژەی بەوە كردووە كە حكوومەتی توركیا دەیەوێ بە یەكجارەكی ئەو یاسایە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام هێشتا ترسی توركیا لە دووبارەبوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی هەیە، بۆیە هێشتا نەیتوانیوە بە یەكجارەكی ئەو یاسایە هەڵبوەشێنێتەوە.

بولەند ئارنج لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لە بارەی پرسی هەبوونی رۆژنامەوانی گیراو لە نێو بەندیخانەكانی توركیادا بە تایبەتی ئەو رۆژنامەنووسانەی دەگوترێ لە چوارچێوەی دۆزی كەجەكەدا دەستگیر كراون، گوتی: ئەگەر لە توركیا رۆژنامەنووسێك هەبێت كە بە هۆی جێبەجێكردنی كاری رۆژنامەنووسییەوە رەوانەی بەندیخانە كرابێ ئەوا ئەمە شەرمێكی گەورەیە بۆ حكوومەتی توركیا.








KDP.info
Top