ئیمارات نیگەرانی لە وتەكانی مالیكی بەرامبەر سعودیە دەردەبڕێت
ئەنوەر محەممەد، وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی ئیمارات ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ موفق مەهدی عەبودی، باڵیۆزی عێراق لە ئیمارات كۆبووەوە، تێیدا یاداشتنامەیەكی ناڕەزایی پێدا و ئیدانەی وتەكانی مالیكی كرد بەرامبەر بە سعودیە، كە ناوبراو پێشتر سعودیەی بە پاڵپشتیكردنی تیرۆر تۆمەتباركردبوو.
ئەنوەر محەممەد بە باڵیۆزی ئیماراتی راگەیاندووە ''ئەو وتانەی مالیكی هیچ راستییەكیان تێدا نییە و پشت بە هیچ بنەمایەكی دروست نابەستن سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی تیرۆر لە ناوچەكە، بە تایبەتی ئەم بابەتە دوورە لە سعودیەوە، چونكە رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە تیرۆرێك، ئێمەش هەموو جۆرە دەستپێشخەرییەكی بەرزدەنرخێنین بۆ بنبڕكردنی دیاردەی تیرۆر''.
پێشتر نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی (فرانس 24) وڵاتانی سعودیە و قەتەری بە هاوكاریكردنی گرووپە چەكدارەكانی عێراق و سووریا تۆمەتباركردن و ئەو هاوكاریكردنەشی بە راگەیاندنی شەڕ دژی وڵاتەكەی لێكدایەوە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو دوو وڵاتەی بە نانەوەی تەنگژەكانی نێوخۆی وڵاتەكەی تاوانباركردن و رایگەیاند"سعودیە و قەتەر راستەوخۆ شەڕیان دژی عێراق راگەیاندووە، بەداخەوە پاشهاتەكانیش تایفی و مەزهەبین".
رووداو