داعش 30 کەس لە شارۆچکەیەکی نزیک کۆبانی کوشتوبڕ دەکەن

داعش 30 کەس لە شارۆچکەیەکی نزیک کۆبانی کوشتوبڕ دەکەن
چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش) 30 کەسیان لە شارۆچکەیەکی عەرەبی نزیک شاری کۆبانی بەجۆرەها شێواز کوشتووە.
سەرلەبەیانی سێشەممە 11-3-2014 چەکدارانی داعش پاش چەند کاتژمێرێک لە چوونە ناو شارۆچکەی شیوخی فۆقانی کە دەکەوێتە سەر رووباری فورات، کوشتوبڕێکی گەورەیان دژی بەرهەڵستکارەکانیان ئەنجامدا.
چەند شاهێد حاڵێک لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ (باسنیوز) تەئکیدییان لەو هەواڵانە کردەوە و گوتیان “داعش نزیکەی 30 کەسی کوشتووە جا چ بە دەستڕێژی گوللـە بێت یاخود سەریان بڕیون، هەندێ لاشەشیان هەڵواسیوە و رێگریشیان لە کەسوکارەکانیان کردووە کە لە گۆڕستانی موسڵمانەکان بنێژرێن بەبیانووی ئەوەی بێ دینن”.
چالاکوانانیش ناوی 20 لەو کوژراوانەیان زانیوە، سەرباری هەندێ تەرمی نەناسراوی تر کە فڕێدرابوونە ناو زێی فورات.
جێی باسە شارۆچکەی شیوخ سەر بە ئیدارەی شاری کۆبانییە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی سەر بە چەند عەشێرەتێکی عەرەبن و پەیوەندیی ئابووری و کۆمەڵایەتیی و خزمایەتیەکی بەهێزییان لەگەڵ دراوسێ کوردەکانیادا هەیە.










باسنیوز
Top