تۆمەتبارەكەی میسر كورد نییە

 تۆمەتبارەكەی میسر كورد نییە
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە قاهیرەی پایتەختی میسرەوە رایگەیاند ئەو كەسەی لە میسر بە تیرۆرو هەوڵی رووخاندنی دەسەڵات تۆمەتبار كراوە كورد نییە.

یاسین رەئووف، بەرپرسی مەكتەبی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە میسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو كەسەی كەوا بڵاوبووەوە گوایە كوردەو لەگەڵ سێ كەسی دیكە لە میسر بە تیرۆر و هەوڵی رووخاندنی دەسەڵات تۆمەتبار كراوە، كورد نییە".

یاسین رەئووف گوتیشی: "وەك مەكتەبی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە میسر پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارانی میسرەوە كرد بەم كەیسەو جەختیان لەوە كردەوە كە ئەو چوار كەسەی بە تیرۆرو هەوڵی رووخاندنی دەسەڵات لە میسر تۆمەتبار كراون كوردیان تێدا نییە".

ئەمە لەكاتێكدایە ئاژانسی (رۆیتەرز) بەپشتبەستن بە بەیاننامەیەكی نووسینگەی داواكاری گشتی میسر رایگەیاند "كەیسی چوار كەسی بە تۆمەتی پێدانی زانیاری لەسەر ژمارەی هێزە چەكدارەكانی میسرو شوێنی بڵاوبوونەوەیان لە ناوچەی سینا بە رێكخراوی (قاعیدە)و هەوڵی گۆڕینی دەسەڵات لە میسر بە هێزو بە ئامانجكردنی بەرژەوەندییە بیانییەكان لە میسر رەوانەی دەدگای تاوانەكانی قاهیرە كردووە".

(رۆیتەرز) ئاشكراشیكرد "چوار تۆمەتبارەكە ناویان (عەمرو محەممەد ئەبولعەلا عەقید، محەممەد عەبدولحەلیم حەمید، داوود ئەسەدی، محەممەد مستەفا ئیبراهیم)ەو سیانیان میسرین و كەسی چوارەمیشیان كوردەو هێشتا دەستگیرنەكراوە".

دوای لابردنی محەممەد مورسی، سەرۆكی پێشووی میسر لە دەسەڵات لە مانگی تەمووزی ساڵی 2013 چەكدارە تووندڕەوەكان كردەوە چەكدارییەكانیان لە دژی بنكە سەربازییەكانی سوپا و پۆلیسی میسر لە نیمچە دوورگەی سینا چڕكردووەتەوە.









رووداو
Top