داعش تەرمی لەسێدارەدراوەكان دەخاتە نێو ئاوی فوراتەوە
ماڵپەڕی عەرەبیە نێت رایگەیاندووە وێنەكانی ئەو رووداوەیان پێگەیشتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تووندڕەوییەكی زۆر لە وێنەكان هەیە بەباشی نازانن وێنەكان بڵاوبكەنەوە و نایانەوێت باری دەروونی كەس تێكبدەن.
چاودێرێكی سووری جەختیكردەوە كوژراوەكان هەرزەكارێكی تەمەن 16 ساڵ و یەكێكی دیكەی 14 ساڵ و 10 پیاوی عەشیرەتەكان و 12 كەسیش لە ئەندامانی سوپای ئازادی ناوچەكەبوون. شایەتحاڵەكانیش دەڵێن ئێستا 9 كەسی دیكە بێسەروشوێنن و كەس نازانێت چیان بەسەرهاتووە.
ماڵپەڕی " شاهید عەیان حەلەب" رایگەیاندووە 4 كەس لە كوژراوەكان تەرمەكانیان فڕێدراوەتە نێو ئاوی فورات و كەس ناتوانێت پێیان بگات هەروەها لە ماڵپەڕەكە هاتووە 8 تەرمی دیكە لە تەنیش مەزاری حەمەد ئەلحەسان دانراون.
ناوی قوربانیانی داعش لە ماڵپەڕەكانی حەلەبدا بڵاودەكرێنەوە، كە راستەوخۆ كارەكانی داعش بڵاودەكەنەوە و ناوی ئەو دوو هەرزەكارەش، كە كوژراون مستەفا جاسم عومەر-ی تەمەن 16 ساڵ و جاسم خەلیل جاسم-ی تەمەن 14 ساڵە و خێزانی جاسم گەورەترین قوربانییان داوە لە رووی ژمارەی كوژراوانەوە و لەبەرئەوەی لە نێو كوژراوەكان 7 كەسیان لە ئەندامانی ئەم خێزانەن.
رووداو