ئێران داوا لە کورد دەکات بەدیلێک بۆ مالیکی تاوتوێ بکەن

ئێران داوا لە کورد دەکات بەدیلێک بۆ مالیکی تاوتوێ بکەن
ئێران پشت لە نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات و داوا لە سەرکردایەتیی کورد دەکات بەدیلێک بۆ شوێنەکەی بدۆزنەوە، پەرلەمانتارێکی کوردیش لە بەغدا پێشنیار دەکات، کورد بە هاوپەیمانیی ئەحرار و لیستی ئەلعێراقییە، متمانە لە مالیکی بسەنێتەوە و حکوومەتی کار بەڕێکەر رابگەیەنن.
سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە سەرکردایەتیی کورد ئاشکرای کرد، ئێران داوای لێ کردوون بەدیلێک بۆ شوێنەکەی مالیکی بدۆزنەوە، ئەوەش بەو مانایەی کە ئێرانیش لە مالیکی رازی نییە.
لەلایەکی دیکەش بەهۆی لێکترازانی لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانیی (شیعە) لە پەرلەمانی عێراق، دەرفەتێک بۆ هاوپەیمانیی کوردستانی هاتووەتە پێش، کە لەگەڵ لیستی ئەحرار و لیستی ئەلعێراقییە، پڕۆژەی سەندنەوەی متمانە لە نوری مالیکی زیندوو بکەنەوە.
مەلا عوزێر حافز پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی کوردستانی بۆ (باس) رای گەیاند، پەرلەمانتارانی ئەحرار سەر بە موقتەدا سەدر کە ژمارەیان 40 کورسییە، لەناو پەرلەماندا قورسایی خۆیان هەیە و ئێستە لە نوری مالیکی توڕەن و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆیان لەگەڵ دەوڵەتی یاسا کە مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات هەیە.
گوتیشی: “ئێستە کورد دەتوانێ سوود وەربگرێت لەو ناکۆکییەی کە شیعەکان تووشی هاتوون و هاوکات کە لیستی ئەلعێراقییەش کە زیاتر لە 40 کورسییان هەیە و لە دژی مالکییە، هەروەها هاوپەیمانیی کوردستانیش کە خۆی 57 کورسیی بەدەستەوەیە، بە بوونی ئەو ژمارەیە ئێستا کاتی ئەوەیە کە متمانە لە مالیکی بسەنێتەوە و کورد تۆڵەی بڕانی بودجە و ئەو فشارانەی بکاتەوە کە ئەو سەرکردەیە شیعەیە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیبووە و ئەو فرسەتە لەدەستی خۆی نەدات”.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە راشی گەیاند، ئێران دەیەوێ ئێستا خۆی لە مالیکی دوور بخاتەوە، ئەوەش پەیوەندیی بەو شکستەوە هەیە کە مالیکی لە ئەنبار و فەلوجە تووشی هاتووە، گوتی: “ئێران دەیەوێ ئەو شکستە لەسەر شانی ئەو حساب نەبێت، چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت ئێران رۆڵ و کاریگەریی یەکجار زۆری لەسەر حکوومەتی عێراق هەیە و هەر شکستێک بێتە پێشەوە ئەوە لەسەر ئەویش حسابە، بەوهۆیە دەیەوێ خۆی لەو شکستە دوور بخاتەوە و پشت لە مالیکی بکات، گوایە ئەوە کاری ئەو نەبووە، مالیکی بۆ مەبەستی خۆی ئەو کارەی کردووە، هیچ پرسێکی بە ئێران نەکردووە”.
هەروەها گوتیشی: ”بە هەر شێوەیەک لێکی بدەیتەوە، کورد نابێت ئەو فرسەتەی ئێستا بۆی هاتووەتە پێشەوە لە دەستی خۆی بدات”.











باس
Top