ئەردۆغان: سەردانی بارزانی بۆ دیاربەكر مێژوویی بوو

 ئەردۆغان: سەردانی بارزانی بۆ دیاربەكر مێژوویی بوو
سەرۆكوەزیرانی توركیا و سەرۆكی گشتیی ئاكپارتی لە شاری ئۆرفا، لە میانی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردندا گوتارێكی پێشكەش بە خەڵك كرد و گوتی: رۆژی 16ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بە بەشداری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیسەس و هونەرمەند شوان پەروەر كە ماوەی 38 ساڵە لە وڵاتی خۆی دووربوو، لە دیاربەكر كۆبوونەوەیەكی مێژووییمان ئەنجام دا.

دەربارەی ئەو سەردانە ئەردۆغان زیاتر گوتی: هەستی سەرانسەری توركیا لە بەرامبەر ئەو كەشوهەوایەی ئەو رۆژە لە دیاربەكر حاكم بوو هاتە جۆش، بەڵام هەندێ كەس و لایەن كە چاویان بە ئاشتی و برایەتی توركیادا هەڵ نایێ پرسی دەرسخانەیەكیان خەستە رۆژەڤی توركیاوە و یستیان لە رێگای ئەو پرسەوە سەیبەر بخەنە سەر ئەو دیدارە مێژووییە دواتر رۆژی 17ی كانوونی یەكەمیش هەوڵیان بۆ ئەنجامدانی كودەتا دا، ویستان قۆناغی چارەسەری بە یەكجاری تێك بەرن. كێ ئەم كارانەی كرد؟ ئەو كابرایەی لە پەنسیلڤانیایە.

ئەردۆغان لە بارەی كۆبوونەوەكەی دیاربەكردا گوتی: ئەو رۆژە كە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەر دوو هونەرمەندی ئورفایی لە دیاربەكر بوون، چەندین تەلەفۆنم بۆ هات و دەیانگوت ل خۆشییا ناتوانین قسە بكەین، ئەو سەردانە بووەتە هۆی گەشبوونی هیوا و ئاواتی خەڵكی توركیا، ئەو سەردانە بووەتە هۆی گەشبوونی هیوای خەڵك بە قۆناغی چارەسەری و ئاشتی هەمیشەیی.

ئەردۆغان بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: ئەوانەی نایانەوێ پرسی كورد چارەسەر بكرێ چییان كرد؟ پرسی دەرسخانەكانیان خستە رۆژەڤی توركیاوە ویستیان ئەو دیدارە گرنگەی دیاربەكر بێ كاریگەر بكەن، دواتر دەستیان بە هەوڵی كودەتا لە 17ی كانوونی یەكەمدا ویستیان بەو جۆرە بە یەكجاری قۆناغی چارەسەری پرسی كورد تێك بەرن. كێ ئەم كارانەی كرد؟ كابراكەی پەنسیلڤانیا و هاوكاران و مووچە خۆرانی لە توركیا، بێگومان دارودەستەی ئەمان لە نێو دەسەڵاتی دادوەری توركیایشدا هەبوو، بەداخەوە لە نێو ئەمنیەت و پۆلیسی توركیایشدا پیاوانی خۆیانیان بەجێ كردبوو، ئەمانە لە كەشوهەوای بەهاری ناوچە كوردییەكان زۆر توڕە ببوون، لەو توڕە بوون كە چی دیكە گەنجانی كورد و تورك ناكوژرێن، لە پێشكەوتنە جیاجیاكانی ناوچە كوردییەكان توڕە ببوون. ئەوانە لە پێشكەوتنی توركیا و ئاشتی و برایەتی نێوان پێكهاتەكانی توركیا توڕە ببوون.
Top