سعوودیە داوای لە عێراق كرد بەندكراوەكانی بۆ هەرێمی كوردستان بگوازێتەوە

 سعوودیە داوای لە عێراق كرد بەندكراوەكانی بۆ هەرێمی كوردستان بگوازێتەوە
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی ریازی سعوودیە كە لە سامی بن عەبدولڵای بالیۆزی سعوودیە لە ئوردن گواستویەتییەوە، باڵیۆزخانەی سعوودیە لە ئوردن گرنگی بە بەدواداچوونی بەندكراوانی سعوودیە دەدات ئەوانەی لە بەندیخانەكانی عێراقن و لە رەوشی خراپدا دەژین.

باڵیۆزی سعوودیە لە ئوردن روونی كردووەتەوە، "چاومان بە بالیۆزی عێراق لە ئوردن كەوتووە و داوام لێ كردووە كە بەندكراوە سعوودییەكان لە بەندیخانەكانی بەغداوە بۆ بەندیخانەكانی هەرێمی كوردستان بگوازنەوە، یان لە یەكێك لە بەندیخانەكانی بەغدا كۆیان بكەنەوە بۆ ئەوەی بتوانین سەردانیان بكەین و بەدواداچوون لە سەر رەوشیان بكەین."

وەزیری دادی عێراق، حەسەن شەممەری، لە 19ـی مانگی رابردوو رایگەیاندبوو كە ئەم پرسە پەیوەستە بە كاراكردنی یادداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات؛ روونیشی كردووەتەوە كە هۆكاری كێشەكان لەلایەنی سعوودیەوەیە، بەڵام تیشكی نەخستە سەر هۆكار و كێشەكان.

شایانی باسە عێراق و سعوودیە لە مانگی شوباتی دووهەزار و سێزدە رێككەوتنێكیان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕكردنی بەندكراوانی نێوان هەر دوو وڵات مۆر كرد، بەڵام لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە لە چواردەی مانگی رابردوو ئەم پرۆژەی رێككەوتنە رەت كرایەوە.



Top