یەكیەتیی ئەورووپا لە سیاسەتەكانی مالیكی نیگەرانە

 یەكیەتیی ئەورووپا لە سیاسەتەكانی مالیكی نیگەرانە
یەكیەتیی ئەورووپا نیگەرانە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق، نوری مالیكی و پێیان وایە بۆ هەڵبژاردنەكەی 30ـی مانگی داهاتوو، بەرەو دیكتاتۆرییەت هەنگاوی ناوە و ئەمە لەكاتێكدا مالیكی لە وتاری هەفتانەی خۆیدا چوارشەممەی ڕابردوو رایگەیاندبوو ماوەی پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكەی بەسەر چووە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە خۆی بە دەنگی ئەو پەرلەمانە بووەتە سەرۆكوەزیران.

لە ڕاگەیێنراوێكی رۆژنامەوانیدا، سەرۆكی شاندی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی ئەورووپا لەگەڵ عێراق، ستراوس ستیفنسۆن رایگەیاند، مالیكی وەك هەموو دیكتاتۆرەكانی دیكە خۆی جۆرێكی تر لە سیاسەتی نوێی دكتاتۆری پەیڕەو دەكات و پێی وایە ئۆپۆزسیۆنبوون یاسا شكاندنە و هەندێ هەڵسوكەوتیشی پێشێلكردنی یاسایە و چەند تایبەتمەندییەكی یاسادانان لەدەست دەدات.

ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا، ستراوس ستیفنسۆن، جەخت دەكاتەوە كە لێدوانەكانی مالیكی جگە لە كودەتایەك هیچ واتایەكی دیكەیان نییە و بە رەفتارە خۆسەپێنەكانی، خۆی سەرچاوەی دروستبوونی كێشەكانە لە عێراق و دیموكراتییەت پێشێل دەكات و نەیارەكانی وەلا دەنێت و سوننەكان پاكتاو دەكات و شیعەكان ژێرپێ دەخات، هەروەها لای ئەو هیچ شتێك نییە بە ناوی یاسا و زیندانەكان بەبێ دادگاییكردن دەبرێنە بەر پەتی سێدارە و یەكیەتیی ئەورووپا نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر ئەو ژمارە زۆرەی لەسێدارەدان دەربڕیوە لە عێراق.

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوە رۆژنامەوانییەكەیدا ستراوس داوای كردووە كۆمەكی سەربازی بۆ مالیكی بوەستێنرێت، چونكە ئێرانی پێ پشتئەستوور دەكات و تەنیا لە بەرامبەر گەلی عێراق بەكاری دەهێنێت و شەڕی تائیفی پێ گەرم دەكات.

ستراوس داوایش دەكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بێت، هەڵبژاردنەكەی داهاتوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوە بچێت، چونكە پێشبینی دەكرێت نووری مالیكی كە هەردوو وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگرییش بە دەستی خۆیەوەن و، فەرمانی راستەوخۆ لەو وەردەگرن، بۆ ئامانجەكانی خۆی بەكاریان بهێنێت.
Top